پەرلەمانتارانی یەکێتی لە دادگای فیدراڵی تانە لە پەسەندكردنی خۆكاندیدكردنی هۆشیار زێباری دەدەن

03-02-2022 08:16

پەرەگراف

چەند پەرلەمانتارێكی یەکێتی لەناو ئەو پەرلەمانتارانەدان کە لە دادگای فیدراڵی تانەیانداوە لە بڕیاری پەسەندكردنی خۆكاندیدكردنی هۆشیار زێباری بۆ سەرۆککۆماری عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتیمانی بۆ پەرەگراف وتی "سێ پەرلەمانتاری یەکێتی و چەند سەربەخۆیەک تانەکەیان لەدژی پەرلەمان تۆمار کردووە، لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ھۆشیار زێباری بەپێی یاساو دەستوور نابێت خۆکاندیدکردنەکەی پەسەند بکرێت لەبەرئەوەی دۆسیەی گەندەڵیی لەسەرەو پێشتر کە وەزیر بووە لە پەرلەمان متمانەی لێ وەرگیراوەتەوە".

سەرچاوەکە وتیشی "پەسەندکردنی خۆکاندیدکردنەکەی  لەلایەن پەرلەمانەوە پێچەوانەی ماددەی ٦٨ی دەستوورو بەندەکانی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١٢یە کە تایبەتە بە خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆککۆماری عێراق".

پەرەگراف زانیویەتی، تیمێکی یاسایی یەکێتی کاری لەسەر تۆمارکردنی تانەکە کردووە لە دادگای فیدراڵی، بۆ ئەو مەبەستە "ژمارەیەک بەڵگەنامە"یان کۆکردووەتەوە کە بەشێکی لە دەستەی نەزاھەی عێراق وەریانگرتووە.

ئامانجی تۆمارکردنی سکاڵاكە ئەوەیە دادگا پەسەندکردنی خۆکاندیدکردنی ھۆشیار زێباری ڕەتبکاتەوە، بەوەش چانسی بەرھەم ساڵح بەھێز دەبێت بۆ بوونەوە بە سەرۆککۆماری عێراق.

بڕیارە ٧-٢ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام بدرێت، پارتی و یەکێتی لە ڕکابەرییەکی توونددان بۆ بەدەستھێنانی پۆستەکە، پارتی بۆ ھۆشیار زێباری و یەکێتی بۆ بەرھەم ساڵح.

ئەمڕۆش دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نووسراوێکی بەرھەم ساڵحدا ڕایگەیاند، دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستی بەئامادەبوونی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتارانە کە ٢٢٠ پەرلەمانتار دەکات، ھێشتا دیارنییە ئەوڕێژەیە لە پەرلەمانتاران ئامادەدەبن بۆدەستپێکردنی پڕۆسەکە یان نا.