ژمارەیەك بڕیار لە سەرۆكی حكومەتەوە بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزییەت لە بەڕێوەبردندا

03-02-2022 09:56

پەرەگراف

بە مەبەستی "بەرجەستەكردنی شۆڕكردنەوەی دەسەڵات و بنەمای لامەركەزییەت لە بەڕێوەبردندا"، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك بڕیاری دەركرد كە "هەندێكیان تایبەتن بە دابەزاندنی چەند دەسەڵاتێكی كارگێڕی لە لایەن وەزیرەكانەوە بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەكان".

ژمارەیەك لە بڕیارەكانیش پەیوەستن‌ بە "ڕەچاوكردنی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان-عێراق".

ئەمانەی خوارەوە بڕیارەكانی سەرۆكی حكومەتن:

یەكەم : پێویستە وەزیر و سەرۆكی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت، لایەنی كەم ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە سەبارەت بە فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی دابەزێنن بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە سنووری پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان و ئەو بەڕێوەبەری فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییانەی سنووری پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانیش كە بەڕێوەبەرایەتی گشتییان لە دیوانی وەزارەت و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت نییە، و ئەوەی لەم بڕگەیەدا هاتووە كاریگەریی نابێت لەسەر ئەو دەسەڵاتە كارگێڕیانەی كە لەپێش دەرچوونی ئەم فەرمانەوە شۆڕكراونەتەوە لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكان .

١.دەسەڵاتی سەرمووچەی ساڵانە (علاوە سنویە) بە فەرمانبەران تا پلەی وەزیفی (٣) و بەرەو خوار، بە پێی یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكان.

٢. گواستنەوە و تەنسیبكردنی فەرمانبەران لە پلە (٣) و بەرەو خوارەوه،‌ لەسەر میلاكی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكە، و میلاكی ئەو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییانەی كە بەڕێوەبەرایەتی گشتییان لە دیوانی وەزارەت و لایەنی نەبەستراوە بە وەزارەت.

٣. دەربڕینی لارینەبوون لەسەر گواستنەوە و تەنسیبكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كە لە بڕگەی (٢) ی سەرەوە ئاماژەی پێدراوە بۆ وەزارەت و دامەزراوەكانی دیكە لە سنووری پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ، لە دوای هاتنەدی گشت مەرج و پێداویستییەكانی هاتوو لە یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكان، بە مەرجێك هیچ جۆرە پابەندییەكی دارایی زیادە لەسەر حكومەت دروست نەكات.

٤. بڕگەكانی (٢) و (٣)ی سەرەوە هەردوو وەزارەتی (خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەروەردە) ناگرێتەوە.

٥. جێبەجێكردنی دەسەڵاتەكانی هاتوو لە بڕگەكانی (٢) و (٣)ی سەرەوە، پەیوەستە بە ڕەچاوكردنی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان- عێراق، ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠، و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ٣٣ی ڕێكەوتی ٦/١١/٢٠١٩، و بڕیارەكانی تایبەت بە قۆناغی دووەمی جێبەجێكردنی پڕۆگرامی بایۆمەتری.

٦. جێگیركردنی فەرمانبەران دوای تەواوبوونی ماوەی ئەزموونیان.

٧. كۆتاییهێنان بە ڕاژەی فەرمانبەران لە دوای تێپەڕبوونی ماوەی ئاگاداركردنەوەیان (اخطار) بە گوێرەی یاسا بەركارەكان.

٨. ئاراستەكردنی سوپاس و پێزانین بۆ فەرمانبەران و دەركردنی فەرمانی پێدانی پێشخستن (قدم) لە دەرەنجامی وەرگرتنی ئەو سوپاس و پێزانینه،‌ بە پێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان.

٩. پێدانی گشت جۆرەكانی مۆڵەتێكی یاسایی وەكو مۆڵەتی ئاسایی و نەخۆشی و مۆڵەتی دایكایەتی و مۆڵەتی بێ مووچە بۆ گشت پلە گشتییەكانی وەزیفە بە پێی مەرج و پێداویستییەكانی هاتوو لە یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان، و بڕینی ئەو مۆڵەتە و دەركردنی فەرمانی دەست لەكارترازاندن و دەست بەكاربوونەوەی فەرمانبەران.

١٠. پێدانی مۆڵەتی خوێندن بۆ ناوەوەی وڵات، بە پێی مەرجەكانی هاتوو لە پەیڕەو و ڕێنمایی مۆڵەتی خوێندن.

١١. ئیفادكردنی فەرمانبەران بۆ ئیش و كاری فەرمی لە ناو هەرێم و عێراق كە له (٣٠) ڕۆژ زیاتر نەبێت.

١٢. خانەنشینكردنی فەرمانبەر لە پلە (٣) و بەرەو خوارەوە بە هۆی تەواوبوونی تەمەنی یاسایی یان لە حاڵەتەكانی دیكەی مافی خانەنشینبوونی ڕێگە پێدراو لە یاسا بەركارەكانی خانەنشینیی، بە مەرجی هاتنەدی گشت مەرج و پێداویستییەكانی هاتوو لە یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكان.

١٣. پێكهێنانی لیژنەكانی لێكۆڵینەوە بە پێی حوكمەكانی یاسای بەرزەفتكاری فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی ژمارە ١٤ی ساڵی ١٩٩١.

١٤. پێكهێنانی لیژنە پێویستەكان كە لە یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییەكاندا هاتووە وەك لیژنەی كڕین یان بەكرێگرتن و كردنەوەی تەندەر و شیكردنەوە و لیژنەكانی خەمڵاندن و فرۆشتن و بەكرێدان.


دووەم: پێدانی ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە بە وەزیر و ئەوانەی لەو پلەیەدان:

١. لە جیاتی دانان بۆ كارمەندانی گریبەست و كاتی، لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی سەر بە وەزارەتیان.

٢. گواستنەوەی كارمەندانی گرێبەست و كاتیی لە نێوان فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی هەمان وەزارەت.

٣. درێژكردنەوەی ماوەی خزمەتی فەرمانبەران بۆ ماوەی (١) یەك ساڵ لە ڕۆژی كۆتاییهاتنی تەمەنی وەزیفی تەنها بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە لە ڕێكەوتی گەیشتنیان بە تەمەنی خانەنشینی، خزمەتی وەزیفی پێویستیان نییە بۆ شایستەبوونی مووچەی خانەنشینی، بۆ ئەو حاڵەتانەی پێویستییان بە ماوەی ساڵێك زیاترە تاوەكو (٣) ساڵ لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.

سێیەم: سەرجەم ئەو دەسەڵاتانەی لەم فەرمانەدا ئاماژەیان پێ دراوە دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان پیادە بكرێن و وێنەی ئەو فەرمانە كارگێڕییانەی بۆ پیادەكردنی ئەم دەسەڵاتانە بدەن بە دیوانی وەزارەت یان لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت، و لایەنی ڕاسپێردراو بە پیادەكردنی ئەم دەسەڵاتانە بەرپرسارێتی یاسایی لە ئەستۆ دەگرن لەم ڕووەوە. بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی وردبینی و چاودێری دارایی وەزارەت و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و دامەزراوەكانی دەستپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی بە ئەركی خۆیان هەڵدەستن بە پێی تایبەتمەندییان.

چوارەم: وەزیرەكان و سەرۆكی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكەن و لە ڕۆژنامەی ( وەقایعی كوردستان ) بڵاو دەكرێتەوە، و‌ پێویستە فەرمانی كارگێڕی شۆڕكردنەوەی ئەم دەسەڵاتانە دەربكەن لە ماوەیەك كە لە (٣٠) ڕۆژی كار تێپەڕ نەكات لە ڕێكەوتی گەیشتنی ئەم فەرمانە پێیان و وێنەی فەرمانەكانی جێبەجێكردنی ئەم فەرمانە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بنێرن.

پێنجەم: كار بە هیچ ڕێنمایی و بڕیار و فەرمان و نووسراوێك ناكرێت كە ناكۆك بێت لەگەڵ ئەم فەرمانە لە دوای كەوتنە بواری جێبەجێكردنەوە.