قۆڵبادانی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار بە کوێ دەگات؟

04-02-2022 05:50

پەرەگراف

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، ھێشتا ھیچ گفتوگۆیەک لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نییە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەریەک کاندید، ئەو دوو حیزبە ھەریەکەیان ئەوەی دیکە تۆمەتبار دەکات بە "تێکدانی یەکڕیزیی".

ئەمڕۆ لە بەغداد دوو خۆپیشاندانی جیاواز لە دژی ھەریەکە لە ھۆشیار زێباری و بەرھەم ساڵح ئەنجام درا، میدیای پارتی دەڵێت، خۆپیشاندانەکەی دژی ھۆشیار زێباری "یەکێتی"یە، یەکێتیش بەھەمانشێوە خۆپیشاندان دژی بەرھەم ساڵح بە دەستی "پارتیی" ناودەبات.

بەرپرسی لقی پارتی لە بەغداد بۆ پەرەگراف دەڵێت، یەکێتی بڕیاری پێشوەختەی داوە کە "سەرۆککۆمار بۆ ئەوەو بۆ کەسێکی دیاریکراوە، ئەوەش دابڕانی دروست کردووەو بواری بۆ کۆدەنگی نیشتیمانی نەھێشتووەتەوە".

"یەکێتی بە پێوەری کورسیی و کۆدەنگی نیشتیمانیش ڕازی نییە"، شوان محەمەد تەھا وای وت.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەدەخاتەڕوو، دەستپێشخەرییەکەی بارزانی لەلایەن ھەردوو ئاڕاستەکەی شیعە پێشوازیی لێکراوەو دەڵێت "کێشەی نێوان لایەنە شیعەکان ڕیشەیەکی قووڵی ھەیەو پەیوەستە بە سیستمی حکومڕانیی.. ڕەوتێکی چاکسازیی و گۆڕانکاریی ھەیەو دەبێت قبووڵ بکرێت".

شوان محەمەد وتیشی "حکومەتی زۆرینە ھەوڵێکی جدییە بۆ حکومەتی بەھێزو پەرلەمانێکی کارا".

پارتی و یەکێتی لە ڕکابەرییەکی توونددان بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆککۆمار، پارتی بۆ ھۆشیار زێباری و یەکێتی بۆ بەرھەم ساڵح، پارتی لە بەرەی موقتەدا سەدرەو یەکێتی نزیکە لە لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی.

ھاوکات سۆران جەمال تاهیر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند لەئێستادا هیچ گفتوگۆیەكیان لەگەڵ پارتی نییە، بەڵام دەرگای گفتوگۆیان دانەخستووە و "هەمیشە كراوە بووە".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی وتیشی "لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەكان لە دانوستانداین و ڕۆژی شەممەی داهاتوویش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لەسەر پرسی سەرۆككۆمار بەڕێوە دەچێت".

بڕیارە ٧ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام بدرێت، دادگای فیدراڵیش ڕایگەیاند، دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستی بەئامادەبوونی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتارانە کە ٢٢٠ پەرلەمانتار دەکات، ھێشتا دیارنییە ئەوڕێژەیە لە پەرلەمانتاران ئامادەدەبن بۆدەستپێکردنی پڕۆسەکە یان نا.