سەدرو بارزانی بە تەلەفۆن قسەیان کرد؛ جەختیان لە 'ھاوپەیمانیی ستراتیژیی' کردەوە

05-02-2022 08:15

پەرەگراف

ئێوارەی ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانییەوە كرد.

بارەگای بارزانی دەڵێت "لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەخت لە هاوپەیمانێتیی ستراتیژی و، بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ خێراتركردنی پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەی نیشتیمانی كرایەوە. بۆ ئەوەی حكوومەتی داهاتوو بتوانێ بە ئەركی خۆی بەرانبەر داخوازییەكانی ڕۆڵەكانی گەلی عێراقو  پارێزگاری لە بەرژەوەندییە باڵاكان و قووڵكردنەوەی سەقامگیری و خوشگوزەرانی هەڵبستێت".

پەیوەندییەکە دوای ھەڵوێستەکەی ئەمڕۆی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر دێت کە ڕایگەیاند، بە فەرمانی موقتەدا سەدر، دانیشتنی رۆژی دووشەممەی پەرلەمان تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بایکۆت دەکەن و دانوستانیش لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت ھەڵدەپەسێرن تاکاتێکی نادیار.

ئەو ھەڵوێستەش دوای تویتەکەی دوێنێی موقتەدا سەدر دێت، کە وتی "ئەگەر كاندیدی پارتی دیموكراتی هاوپەیمانمان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار بەتەواوەتیی مەرجەكانی تێدا نییە، داوا لە پەرلەمانتارانی چاكسازیی دەكەم دەنگی پێنەدەن. ئێمە بانگەشەكاری چاكسازین نەك دەسەڵات و حوكمڕانی".

سەدر، بارزانی‌و حەلبووسیی بەپێی ئەو ھاوپەیمانییەی لە نێوانیاندا ھەیە  سەرۆكایەتی پەرلەمانیان لە نێوان خۆیاندا بەش كردو چاویان لەبەشكردنی سەرۆكایەتییەكانی دیكەش بوو، بەڵام تویتەکەی سەدرو ھەڵوێستەکەی ئەمڕۆی فراکسیۆنەکەیان، نیشانەی پرسیاری لەسەر ئەوھاوپەیمانییە دروستکرد کە پێشووتر وەک "بلۆکێکی کۆنکرێتیی" ناودەبرا.