سەدر كارتەكانی تێكەڵ كردەوە و هەموان بەدوای ڕێگەچارەی نوێدا دەگەڕێن؛ یەكێتی كاندیدەكەی دەگۆڕێت؟

05-02-2022 10:42

پەرەگراف

ھەڵوێستی سەدرییەکان کارتەکانی تێکەڵ کردەوە و دەرفەتی ڕێککەوتنی نوێی ھێناوەتە ئاراوە. پۆستی سەرۆککۆمار گرێکوێرەی نێوان پارتی و یەکێتی و ھۆکاری لەتبوونیانە، بەرپرسێكی یەكێتی پێی وایە دەرفەت ماوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی ھاوبەش لەگەڵ پارتی. لەبارەی ڕێککەوتن لەسەر لەتیف ڕەشید وەكوو كاندیدی چارەسەر، ئەو بەرپرسە دەڵێت "گفتوگۆی فەرمیی لەسەر نەکراوە، بەڵام ھەموو ئەگەرێک ڕێی تێ دەچێت".

هاوكات دوای هەڵوێستی كتوپڕی ئەم دوو ڕۆژەی سەدر و كوتلە پەرلەمانییەكەی کە ھەندێک وا لێکیان دەدایەوە گۆڕانی ھەڵوێستی سەدرە بەرامبەر بارزانیی ھاوپەیمانی، ئەمڕۆ سەدر تەلەفۆنی بۆ بارزانی کرد و جەخت لە "هاوپەیمانێتیی ستراتیژی" دەكەنەوە.

تویتەكەی دوێنێی موقتەدا سەدر كە گومانی خستە سەر دەنگدانی پەرلەمانتارەكانی ڕەوتەكەی بە كاندیدەكەی پارتی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، هاوكات هەڵوێستی ئەمڕۆی فراكسیۆنەكەی بە ڕاگرتنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت و بایكۆتی كۆبوونەوەی دووشەممەی پەرلەمان، بە دەرفەتێك ناو دەبرێت بۆ ڕێككەوتنی نوێ‌ لەسەر كاندیدی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكومەت.

ڕابیحە حەمەد، ئەندامی سەركردایەتی ‌و بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتی "بە تویتەكەی دوێنێی موقتەدا سەدر و كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی ئەمڕۆی كوتلەكەیان لە پەرلەمانی عێراق، تا ڕادەیەك هەموو كارتەكان تێكەڵ كراونەتەوە و لە سەرەتاوە دەست بە گفتوگۆ دەكرێتەوە".

ڕابیحە حەمەد دەڵێت "ئەمە هەنگاوێك بوو بۆ خۆدەربازكردن لەو مەوقیفەی ڕۆژی دووشەممە، ئەوان دڵنیا بوون لەوەی كە ئەگەر ڕێككەوتنی پێشوەختە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی نەبێت، ڕۆژی دووشەممە نیساب تەواو نابێت بۆ كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كە پێویستی بە 220 ئەندامی پەرلەمانە".

بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی، هەڵوێستی سەدرییەكان بە "دەرفەتێك لەبەردەم شیعەكاندا بۆ ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەت" و ئەگەری "گۆڕانكاری لە كاندیدەكانی سەرۆككۆمار" ناو دەبات.

لە وەڵامی پەرەگرافدا سەبارەت بەوەی كە ئەگەری كشانەوەی بەرهەم ساڵح و هۆشیار زێباری و دیاریكردنی لەتیف ڕەشید وەكوو كاندیدی چارەسەر هەیە؟ ڕابیحە حەمەد وتی "تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەكی فەرمی لەسەر ئەم بابەتە نەكراوە، بەڵام لەناو سیاسەتیشدا هەموو ئەگەرێك ڕێی تێدەچێت".

"پێم باشە كوردیش ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە. یەكێتی و پارتی لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشنەوە و بە كاندیدێكی یەكگرتووەوە بچنە پەرلەمان. پێویستە هەردوولا تەنازول لە هەندێك هەڵوێستی خۆیان بكەن"، بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی بۆ پەرەگراف وای وت.

هاوكات د. لەتیف ڕەشید كە بە كاندیدی دووەمی یەكێتی ناو دەبرێت، لە بەغداد بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی دەنگی لایەنەكان و ئەمڕۆیش سەردانی عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشمانیی كرد.

پاش تویتەكەی دوێنێی و هەڵوێستی ئەمڕۆی كوتلەكەی، موقتەدا سەدر ئێوارەی ئەمڕۆ پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی ئەنجام دا.بارەگای بارزانی دەڵێت "لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەخت لە هاوپەیمانێتیی ستراتیژی، بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ خێراتركردنی پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەی نیشتیمانی كرایەوە".

پەیوەندییەكە دوای ھەڵوێستەكەی ئەمڕۆی فراكسیۆنی ڕەوتی سەدر دێت كە ڕایگەیاند، بە فەرمانی موقتەدا سەدر، دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی پەرلەمان تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بایكۆت دەكەن و دانوستانیش لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەت تاكاتێكی نادیار ھەڵدەپەسێرن.

ئەو ھەڵوێستەش دوای تویتەكەی دوێنێی موقتەدا سەدر دێت كە وتی "ئەگەر كاندیدی پارتی دیموكراتی هاوپەیمانمان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار بە تەواوەتیی مەرجەكانی تێدا نییە، داوا لە پەرلەمانتارانی چاكسازی دەكەم دەنگی پێ نەدەن. ئێمە بانگەشەكاری چاكسازیین نەك دەسەڵات و حوكمڕانی".

سەدر، بارزانی‌ و حەلبووسی بەپێی ئەو ھاوپەیمانییەی لە نێوانیاندا ھەیە، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان لە نێوان خۆیاندا بەش كرد و چاویان لە بەشكردنی سەرۆكایەتییەكانی دیكەش بوو، بەڵام تویتەكەی سەدر و ھەڵوێستەكەی ئەمڕۆی فراكسیۆنەكەیان، نیشانەی پرسیاری لەسەر ئەو ھاوپەیمانییە دروست كرد كە پێشووتر بە "بلۆكێكی كۆنكرێتیی" ناو دەبرا.