عەلی حەمەساڵح: نرخی نەوت هەرچەند بێت، هەر 350 ملیۆن دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ مووچە

06-02-2022 01:56

پەرەگراف

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت "حەوت مانگە نرخی نەوت هەرچەند بێت، هەر 350 ملیۆن دۆلار گەڕاوەتەوە خەزێنەی گشتی بۆ دابەشكردنی مووچە، كە دەكاتە 27 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، كە ئێستا نرخی نەوت بەرەبەرە بەرزتریش دەبێتەوە. خراپتر لەمەیش نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆیە".

ئەو پەرلەمانتارە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی "سلێمانی دەبێت لە داهاتی خۆی 70 ملیار و 500 ملیۆن دینار بدات بۆ مووچە، هەولێر و دهۆك دەبێت 93 ملیار و 500 ملیۆن دینار بدەن، ئەم بڕە پارەیەش هەركەس بۆ ناوچەی خۆی بۆ مووچەی خۆی تەرخانی دەكات، بەڵام نایدەن".

وەكو عەلی حەمەساڵح باسی دەكات "پارساڵ ئەم كاتە، سلێمانی مانگانە 161 ملیار دیناری داوە بۆ مووچە، هەولێر و دهۆكیش 213 ملیار دیناریان داوە، خێرە ئێستا سلێمانی ناتوانێت 70 ملیار و هەولێر و دهۆكیش ناتوانن 93 ملیار بدەن؟!".

"مامۆستایان لە هەولێر و دهۆك مووچەیان وەرگرتووە، لە سلێمانی بەشێكی مامۆستایان مووچەیان وەرنەگرتووە، پرسیارمان كردووە بۆچی مووچە نادەن؟ دەڵێن دەبێت ئەم بەشەی مووچە لە داهاتی ناوخۆ بدرێت، سلێمانی دەڵَێت هیچ داهاتێكمان نییە، ئەی داهاتی مانگی یەك چی لێ‌ هاتووە؟ ئەمە دەستبەسەرداگرتنێكی ڕوونی داهاتە"، عەلی حەمەساڵح وا دەڵێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەیشی خستە ڕوو كە "لە مانگی 12دا داهاتی ناوخۆی سلێمانی 180 ملیار دینار بووە، لەو پارەیە 70 ملیار دیناری دراوە بە مووچە و 110 ملیار دینارەكەی تری دیار نییە".

هەروەها جەختی كردەوە كە "دووئیدارەیی و بێئیدارەیی" تەواو لە سلێمانی و هەولێر هەیە و "هەموو پرۆژەكانی سلێمانی دەبێت لە داهاتی سلێمانی و هەموو پرۆژەكانی هەولێر و دهۆك دەبێت لە داهاتی خۆیان بكرێت".