هەموان بایكۆت دەكەن و كەس ئامادە نییە سەرۆككۆمار هەڵبژێرێت؛ سبەینێ‌ هۆڵی پەرلەمان چۆڵ دەبێت

07-02-2022 12:09

پەرەگراف

یەك لەدوای یەك لایەنەكان بایكۆتی كۆبوونەوەكەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار دەكەن و چوارچێوەی هەماهەنگییش دوایین بزماری لە تابووتی كۆبوونەوەكە دا. ئەو لایەنانەیش بەشدارییان یەكلایی نەكردووەتەوە، ئەگەر بەشداریش بن ناتوانن نیسابی ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە تەواو بكەن.

چیرۆكەكە دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەستی پێ كرد، كاتێك موقتەدا سەدر گومانی خستە سەر دەنگدانی پەرلەمانتارانی ڕەوتەكەی بە هۆشیار زێباری كە كاندیدی پارتیی هاوپەیمانیەتی، دوێنێش بڕیاری بەشدارینەكردن لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عێراقی دا، پاش ئەوەی كە دڵنیا بووەوە ناتوانێت نیسابی كۆبوونەوەكە تەواو بەكات و ناشتوانێت تەنیا لەگەڵ پارتی و سوننەكان حكومەت پێك بهێنێت.

درەنگانێكی ئەمشەو و پاش ڕوونبوونەوەی هەڵوێستی زۆرێك لە لایەنە سەرەكییەكان، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق بڵاو كردەوە و تێیدا ئاشكرای كرد كە "هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەكانی ڕوونە كە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بە پێویست نازانێت، پێش تەواوكردنی لێكتێگەیشتنەكان".

چوارچێوەكە جەخت دەكاتەوە كە هەڵوێستیان وەكوو خۆیەتی و پێشوازییش لە هەڵوێستی ئەو هێزانە دەكەن كە هەمان بڕیاریان داوە لەبارەی كۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەوە. داوای ڕاوێژی زیاتریش دەكات "بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی واقیعی و قبووڵكراو و تەواوكەر بۆ سەرجەم بەركەوتە دەستوورییەكان".

هەر ئەمشەویش دوای ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانیی سەروەریی لایەنە سوننەكان، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بە ئامانجی تەواوكردنی بیروڕاگۆڕینەوە و بەردەوامیی گفتوگۆكان لە نێوان لیستە سیاسییەكان، بڕیارمان دا بەشداریی دانیشتنی سبەی دووشەممە ٧/٢/٢٠٢٢ نەكەین".

ئەم هەڵوێستەی پارتی پاش ئەوەیش دێت كە هەر ئەمڕۆ دادگای فیدراڵیی عێراق لەسەر سكاڵای ژمارەیەك پەرلەمانتار كە ھەندێكیان یەكێتین و تۆمەتی "ھەبوونی دۆسیەی گەندەڵییان" ئاڕاستەی ھۆشیار زێباری كردووە، بڕیاری دا ڕێكارەكانی خۆكاندیدكردنی زێباری بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ڕابگرێت.

لە كاردانەوەی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵیدا، عەرەفات كەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی، ڕایگەیاند "بێتاوانیی ھۆشیار زێباری دەسەلمێنین" لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كراون. سكاڵاكانیش بە كاری بەرھەم ساڵح ناو دەبات و دەڵێت "هەموو ئەو كارانەی بەرهەم دەیانكات بۆ دواخستنی دانیشتنەكەی پەرلەمانە، چونكە دڵنیایە دەدۆڕێت".

لایەنێكی دیكە كە بایكۆتی كۆبوونەوەكەی سبەینێی پەرلەمانی عێراقی كردووە، هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەكانە كە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "وەكوو پشتیوانییەك بۆ هەوڵەكانی گفتوگۆی سیاسی كە لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە دەدرێت، بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێكی هاوبەش بە سازان لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە زۆرینەی سیاسی، بڕیارمان دا بەشداریی كۆبوونەوەكەی ڕۆژی دووشەممەی پەرلەمان نەكەین".

هەرچی جووڵانەوەی نەوەی نوێیشە ئەگەرچی هەڵوێستی ڕوونی ڕانەگەیاندووە، بەڵام شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەكە و هاوپەیمانیی لەپێناو خەڵك كە خۆی دەڵێت "28" ئەندامیان هەیە، ڕایگەیاند "دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان ئەنجام نادرێت و ئەگەر گۆڕانكاریی نوێ ڕوو نەدات، دوو سبەی پەرلەمان جارێكی دیكە دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆككۆمار دەكاتەوە". وتیشی "بە ڕای من ئەوەی پارتی تەواو بووە و دەبێت كاندیدی دیكە دابنێت".

هەردوو بەرەی (ڕەوتی سەدر، سوننە و پارتی) و (چوارچێوەی هەماهەنگی) دڵنیا بوون لەوەی كە بە تەنیا ناتوانن كۆبوونەوەی سبەیتێی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كە پێویستی بە ئامادەبوونی 220 ئەندامە، بەڕێوە ببەن، بۆیە بە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكە، بەدوای دەرفەتی نوێی ڕێككەوتندا دەگەڕێن.