بایکۆت ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق پەکدەخات

07-02-2022 08:07
بەشێک لە کاندیدە کوردەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار

پەرەگراف

بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی لە ئەنجامی بایكۆتی بەرفراوانی فراكسیۆنەكان، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بەڕێوە نەچوو. هەرچەندە دانیشتنەكە سبەینێ بەردەوام دەبێت، بەڵام هیچ پێشهات و ڕێككەوتنێكی نوێ نەهاتووەتە ئارا تاهەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بەڕێوە بچێت.

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت، سبەینێ پەرلەمان دانیشتنی ئاسایی خۆی ساز دەكات و تیایدا محەمەد كەریم خەفاجی وەزیری كشتوكاڵ و عەلا جبوری وەزیری بازرگانی میوانداری دەكرێن.

كۆبوونەوەكەی سبەینێ بە سەرۆكایەیی حاكم زاملی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، بەڕێوە دەچێت. تێیدا گفتوگۆ دەربارەی چەند بابەتێكی تایبەت بە دۆخی كشتوكاڵیی عێراق دەكرێت.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پاش ئەوەی زەنگی چوونە ژوورەوەی پەرلەمانتاران بۆ كۆبوونەوە لێ‌ درا، ژمارەیەكی كەم لە فراكسیۆنەكان چوونە هۆڵی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق.

سۆران عومەر، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری، ڕایگەیاند "لە كۆی ٣٢٩ پەرلەمانتار، تەنھا   ٥٨ پەرلەمانتار چووینە ھۆڵی كۆبوونەوە".

وەكوو لە وێنەكاندا دەركەوت، لەناو فراكسیۆنە كوردییەكان تەنیا نەوەی نوێ و كۆمەڵی دادگەری چوونەتە هۆڵی كۆبوونەوەكان.

دواتر كۆبوونەوەكە بۆ ماوەیەك ڕاگیرا و دەستی پێ‌ كردەوە، بەڵام دیسان دەوروبەری 60 پەرلەمانتار بەشدارییان كرد، فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیش یەكێك بوو لەو فراكسیۆنە كوردییانەی بەشداریی كۆبوونەوەكەی كرد.

ئێوارەی ئەمڕۆیش فراكسیۆنی نەوەی نوێی و ژمارەیەك فراكسیۆن و پەرلەمانتاری بەشداربوو لە كۆبوونەوەكە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا و داوایان كرد پەلە بكرێت لە چارەسەری كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار.

فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "هیچ كام لە لایەنەكانی هەرێم وەڵامی داواكارییەكانی ئێمەیان نەداوەتەوە تا دەنگ بەكاندیدەكەیان بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بدەین، كاندیدەكەمان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار بەردەوام دەبێت و سوورین لەسەر ئەو داواكارییانەی كە هەمانە".

لای خۆیشیەوە یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "دوای تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێچەوانەی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١٢یە كەتایبەتە بە ڕێكارەكانی خۆپاڵاوتن".

"ناكرێت ڕێكارەكانی خۆكاندیدكردن بگۆڕێت بەھۆی ڕاگرتنی خۆپاڵاوتنی كەسێك لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە"، یوسف محەمەد وا دەڵێت.