پارتی و یەكێتی دانوستانی یەكلاكەرەوە لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ سەرۆككۆمار ئەنجام دەدەن

08-02-2022 06:42

پەرەگراف

پارتی و یەكێتی دوایین كۆبوونەوی یەكلاكەرەوە لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار ئەنجام دەدەن. ئەمەش دوای ئەوە دێت كە پەرلەمانی عێراق دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كردەوە و دەرگایەكی دیكە بە ڕووی لایەنە كوردییەكاندا كرایەوە تا لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ڕێك بكەون.

سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتیی نیشتمانی بە پەرەگرافی وت "بڕیارە لە ئاستی باڵادا لەگەڵ پارتی كۆببینەوە بە ئامانجی گەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش."

ململانێی نێوان ئەو دوو حیزبە لەسەر ئەو پۆستە، هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٨ تادێت تووندتر دەبێت، پارتی بۆ هۆشیار زێباری و یەكێتی بۆ بەرهەم ساڵح.

هەوڵی دەستپێكردنەوەی دانوستانی یەكێتی و پارتی پاش ئەوە دێت، ئەمڕۆ بە بڕیارێك كە واژووی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی لەسەرە، دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كرایەوە، خۆپاڵاوتن لە ڕۆژی چوارشەممە 9-2-2022 دەست پێ دەكات و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

بەپێی نووسراوەكە، ئەم بڕبارە پاڵپشت بە یاسای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، ژمارە 8ی ساڵی 2012 دەركراوە، پاش ئەوەی ماوەی دیاریكراوی دەستووری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كۆتایی هات و بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بەڕێوە نەچوو.

یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "دوای تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی لە كۆبوونەوەی دوێنێدا، سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێچەوانەی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2012یە".

بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوە دێت، بایكۆتی لایەنەكان، هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری قوفڵ كردووە، هێشتا هیچ دەرچەیەك نەدۆزراوەتەوە بۆ كردنەوەی گرێكوێرەی ئەو پۆستە كە پشكی كوردە.