مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی یەکلایکەرەوە ئەنجام دەدەن

09-02-2022 07:10

پەرەگراف

مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆتا کۆبوونەوە لەبارەی ڕێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار ئەنجام دەدەن کە پشکی کوردە.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە پەرەگرافی وت "بڕیارە کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانیی سبەینێ، مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆببنەوەو تاوتوێی پۆستی سەرۆککۆمارو گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش دەکەن".

سەرچاوەکە وتی "پێشنیاری نوێ هەن بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن"، بەڵام ئامادە نەبوو پێشنیارەکان ئاشکرا بکات.

ئەو کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت كە پەرلەمانی عێراق دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كردەوە، بەوەش دەرگایەكی دیكە بە ڕووی پارتی و یەکێتیدا کرایەوە بۆ کۆبوونەوەو هەوڵدان بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن.

ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو پۆستە، هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٨ تادێت تووندتر دەبێت، پارتی بۆ هۆشیار زێباری و یەكێتی بۆ بەرهەم ساڵح.

هەرچەندە بە بڕیاری سەرۆکایەتی پەرلەمان، لە ئەمڕۆوە دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كرایەوەو سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام پەرلەمانتارێک ئەمڕۆ لە دادگای فیدراڵی تانەی لەو بڕیارەدا.

باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: سەرلەنوێ کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن، پێچەوانەی دەستوورو یاسای تایبەت بە خۆکاندیدکردنە بۆ سەرۆککۆمار.

خەشان داوای لە دادگای فیدراڵی کردووە، فەرمانێک دەربکات بۆ ڕاگرتنی هەموو ڕێکارەکانی تایبەت بەو بڕیارە.