بە نێوەندگیریی ئیسماعیل قائانی، مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە

10-02-2022 03:29

پەرەگراف

ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بەشدارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار.

سەرچاوەیەکی باڵاو ئاگادار بە پەرەگرافی وت "کۆبوونەوەکە داخراوەو تەنها بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و قائانی بەشدارن و ئێران دەیانگەیەنێتە ڕێککەوتن".

چەند سیناریۆیەک هەن بۆ ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی، لەوانە؛ پۆستی سەرۆککۆمار بەرامبەر پۆستەکانی دیکەی پشکی کورد لە بەغداو پارێزگاری کەرکوک، هەر چوا ساڵ جارێک ئاڵوگۆڕ بکرێت لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا.

بەوتەی سەرچاوەکانی پەرەگراف، بەهێزترین سیناریۆ، "مانەوەی پۆستی سەرۆککۆمارە لای یەکێتی بۆ ئەم خولە، لە بەرامبەردا یەکێتی بەرهەم ساڵح بگۆڕێت بە کاندیدێک کە بارزانی ڕەزامەندیی لەسەر بدات و دەستبەرداری پۆستەکانی دیکەی پشکی کورد ببێت لە بەغداد بۆ پارتی".

ئەو کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت كە پەرلەمانی عێراق دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كردەوە کە پشکی کوردە، بەوەش دەرگایەكی دیكە بە ڕووی پارتی و یەکێتیدا کرایەوە بۆ کۆبوونەوەو هەوڵدان بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن.