بانگەوازێكی بەپەلە لە وەزارەتی تەندروستییەوە؛ دەربەندیخان زۆنی ترسناكی بڵاوبوونەوەیە

22-03-2020 10:52


پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بانگەوازێكی ئاڕاستەی خەڵكی دەربەندیخان كردو ئەو قەزایە بە "زۆنی ترسناكی" بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ناو دەبات.

"هاوڵاتیانی خۆشەویستی دەربەندیخان.. تكایە لە ماڵەكانتان مەیەنە دەرەوە، پێویستە شارەكە بەتەواوی كەڕەنتین بكرێت و ڕووپێوی پشكنین بكرێت، چونكە زۆنی ترسناكی بڵاوبوونەوەیە" وەزارەتی تەندروستی وادەڵێت.

هاوكات بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بانگەوازێكی دوو خاڵیی ئاڕاستەی خەڵك كردو تێیدا دەڵێت، كەش و هەوای تەم و مژاوی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خێراتر دەكات.

د.سەباح نەسرەدین، لە بانگەوازەكەیدا داوا لە دانیشتوانی قەزاكانی دەربەندیخان و چەمچەماڵ دەكات "لە هەموو ناوچەكانی تر زیاتر پابەندی مانەوە بن لە ماڵەكانیاندا".

ئەوە لەكاتێكدایە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، ئەمشەو تووشبوونی 10 كەسی دیكەی بە كۆرۆنا ڕاگەیاند، دوانیان دانیشتووی سلێمانی‌و حەوتیان لە قەزای دەربەندیخان‌و یەكێكیان لە قەزای چەمچەماڵە.