لە 58ـەمین ڕۆژی بێسەروشوێنبوونیدا تەرمی دانەر گەڕایەوە ئامێزی دایكی؛ باوكی بۆ پەرەگراف دەدوێت

12-02-2022 03:07

پەرەگراف

پاش 58 ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی لە لافاوەكەی كۆتایی 2021ی هەولێر، تەرمی دانەر نەبەز، منداڵە 10 مانگانەكەی كۆمەڵگەی قوشتەپە، لە دووریی 30 كیلۆمەتر لە زێدی خۆی، لە گوندێكدا دۆزرایەوە.

دانەر نەبەز كە ڕۆژی 17-12-2021 لە لافاوەكەی هەولێردا بێسەروشوێن بوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندی سۆربەش سەر بە ناحیەی شەمامك لەلایەن هاووڵاتییەكی گوندەكەوە دۆزرایەوە.

هەر لە سەرەتاوە جلوبەرگی دانەر لەگەڵ بەشێك لە جەستە و ئێسكوپروسكی لە شوێنەكە دۆزرایەوە، پاش پشكنینیش پشتڕاست كرایەوە كە ئەوە تەرمی دانەرە. تەرمەكە ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە و لە مەراسیمێكدا لە گۆڕستانی قوشتەپە بە خاك سپێردرا.