بارزانی و مالیكی لەسەر گۆڕینی بەرهەم ساڵح هاوڕان

12-02-2022 07:10

پەرەگراف

یەكێتی هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار، بەڵام هاوشێوەی بارزانی، نووری مالیكی داوای كردووە بەرهەم ساڵح بگۆڕن.

سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە پەرەگرافی وت "ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر دوو سیناریۆ وەستاوە: یەكەمیان مانەوەی پۆستەكەیە لای یەكێتی بە گۆڕینی بەرهەم ساڵح، دووەمیان پۆستەكە بۆ پارتی بێت و كۆی پۆستەكانی دیكە بۆ یەكێتی، ئەگەرنا هەریەكەیان بەجیا دەچنە كێبڕكێكەوە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "بارزانی هێڵی سووری لەسەر بەرهەم ساڵح داناوە و نووری مالیكییش داوای لە یەكێتی كردووە كاندید نەكرێتەوە، بەڵام هێشتا یەكێتی هیچ بڕیارێكی نوێی نەداوە و تا ئەم ساتە بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدە".

ڕۆژی پێنجشەممە 10-2-2022، مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بە نێوەندگیریی ئێران كۆبوونەوەیەكی دیكەیان بۆ چارەسەری نكۆكییەكانیان سەبارەت بە پۆستی سەرۆككۆمار ئەنجام دا.

پاش گەڕانەوەیشی لەو كۆبوونەوەیە، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، پێشنیارەكانی بارزانیی لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی حیزبەكەی تاوتوێ‌ كرد، بەڵام هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوە نەدراوە.

پاش ئەوەی كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، بەهۆی بایكۆت و ناكۆكیی لایەنەكانەوە بەڕێوە نەچوو، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كردەوە.

هەرچەندە وادەی خۆتۆماركردنەكە تەنیا سێ‌ ڕۆژە، بەڵام بەهۆی ڕۆژانی پشووی هەینی و شەممەوە، خۆتۆماركردن بۆ پۆستی سەرۆككۆمار تا یەكشەممە 13-2-2022 بەردەوام دەبێت و سبەی كۆتا ڕۆژە بۆ تۆماركردنی كاندیدی نوێ‌.

بەهۆی ئەو سكاڵایانەی لەسەر هۆشیار زێباری تۆمار كراون و مەترسیی ڕەتكردنەوەی كاندیدبوونی، پێشبینی دەكرێت پارتی كاندیدێكی دیكە بۆ ئەو پۆستە پێشكەش بكات. هەندێك سەرچاوەیش باس لەوە دەكەن كە "پارتی ناوی فوئاد حسێنی وەكوو كاندیدی نوێ‌ بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێشكەش كردووە".