چالاكێكی بادینان پاش 17 مانگ دەستگیركردن دادگایی دەكرێت؛ لە پەرەگرافەوە پەیامێك ئاراستەی ڕایگشتی دەكات

13-02-2022 02:26

پەرەگراف

"ساڵێك و پێنج مانگە منداڵەكانم نەبینیوە و گوێم لە دەنگیان نەبووە، بەڵام ئامادەی قوربانیدانی زیاترم، چونكە ئەوانەی بە ئازادی دێنە دنیاوە، ئەگەر لەناو زیندانیشدا بن هەر بە ئازادی دەژین"، ئەمە قسەی بێریڤان ئەیوب، چالاكی دەستگیركراوی بادینانە كە سبەینێ‌ یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی بەڕێوە دەچێت.

بێریڤان لە ڕێگەی پەرەگرافەوە پەیامێك ئاراستەی هاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات و دەڵێت "سبەینێ‌ لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەمدا ئامادە بن".

لە گفتوگۆیەكی تەلەفۆنیی تایبەتدا لەگەڵ پەرەگراف، بێریڤان ئەیوب ڕایگەیاند "لەژێر هەڕەشە و بە شێوازێكی زۆر توندووتیژ و نامرۆڤانە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كردووم. ناچاریان كردم دان بە چەند شتێكی ناڕاست بنێم لەسەر خۆم".

سەبارەت بەو هەڕەشانەی لێی كراوە، بێریڤان ئەیوب وتی "هەڕەشەی ئەوەیان لێ‌ كردم كە جارێكی دیكە منداڵەكانت نابینیتەوە و شتی زۆر گەورەتر دەخەینە سەرت (تۆمەتی گەورەتر دەدەینە پاڵت)".

ئەو چالاكەی بادینان بەپێی ماددەی یەك لە یاسای ژماری 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان، تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان"ی دراوەتە پاڵ.

بێریڤان ئەیوب بۆ پەرەگراف دەڵێت "دوای هەوڵدانێكی زۆر، حەوت جار مانگرتنم لە خواردن و خواردنەوە و تێكچوونی باری تەندروستیم لەپێناو یەكلاییكردنەوەی كەیسەكەم، دواجار ڕۆژی دادگاییكردنەكەم دیاری كرا كە 14-2-2022ـە".

ئەو چالاكەی بادینان جەخت دەكاتەوە كە "ماوەی 17 مانگە بەبێ‌ تاوان دەستگیر كراوم. بە درێژایی ئەو ماوەیە بێبەش كراوم لە مافەكانم لەناو زیندان. تاكە یەك جاریش ڕێگەیان نەداوە پارێزەكانم بیینم".

"بەو هیوایەم ئەو هەموو قوربانیدانەم، بێبەشكردنم لە مافی دایكایەتیم بەفیڕۆ نەچێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان و خەڵكی ئاسایی ڕۆژی دادگاییكردنەكەم ئامادە بن"، بێریڤان ئەیوب وا دەڵێت.