دادگای فیدراڵی هۆشیار زێباریی لە كاندیدبوون بۆ سەرۆككۆمار دوور خستەوە

13-02-2022 03:44

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق پێچەوانەی بەرژەوەندیی هۆشیار زێباری بڕیاری دا و كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق ڕەت كردەوە. تێچووی دانیشتنەكەی دادگایشی خستە ئەستۆی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە كاندیدبوونی زێباریی پەسەند كردووە.

دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هۆكاری ڕەتكردنەوەی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری ئاماژەی بەوە كردووە كە ناوبراو كاتێك وەزیری دارایی بووە، بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراق كراوە و لە ئەنجامدا وەڵامدانەوەی بۆ پرسیارەكان باوەڕپێهێنەر نەبووە و متمانەی لێ‌ وەرگیراوەتەوە.

دادگاكە دەڵێت، ئەو هۆكارە وا دەكات ك هۆشیار زێباری مەرجە دەستوورییەكانی بۆ كاندیدبوون تێدا نەبێت بە تایبەت "ناوبانگی باش و ناسراوبوون بە پاكێتی".

داداگای فیدراڵیی عێراق لە دوو خاڵدا بڕیاری خۆی لەبارەی دۆسیەكەی هۆشیار زێبارییەوە داوە كە لە خاڵی یەكەمدا بڕیاری پەرلەمانی عێراقی بۆ پەسەندكردنی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری بە نادروست لەقەڵەم داوە و كاندیدبوونی ڕەت كردووەتەوە بە هۆكاری ئەوەی پێچەوانەی ماددەی 68ی دەستووری عێراقە.
لە خاڵی دووەمی بڕیارەكەشدا هاتووە كە سكاڵالەسەركراو دەبێت تێچووی پارێزەر و وەكیلەكانی ئەو دۆسیە بدات. بڕیارەكە محەمەد حەلبووسیی سەرۆكی پەرلەمانی پابەند كردووە بە پێدانی بڕی ١٠٠ ھەزار دینار وەك خەرجیی پڕۆسەی دادگایی دۆسیەكەی ھۆشیار زێباری.

حەلبووسیی سكاڵا لێكرای دۆسیەكەیە و پەرلەمانتاران تانەیان لە بڕیاری ئەو داوە كە كاندیدبوونی ھۆشیار زێباریی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پەسەند كردووە.

هۆشیار زێباری لەلایەن سێ‌ پەرلەمانتاری یەكێتی و پەرلەمانتارێكی شیعەوە سكاڵای لە دژ تۆمار كرابوو بەوەی كە مەرجەكانی كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار تێدا نییە.