زێباری: ڕێز لە بڕیاری دادگا دەگرم، بەڵام ستەمم لێ كرا و بڕیارەكە سیاسییە

13-02-2022 05:00

پەرەگراف

هۆشیار زێباری، دوای بڕیاری دوورخستنەوەی لە كێبڕكێی پۆستی سەرۆككۆمار، لە یەكەم كاردانەوەیدا دەڵێت "ڕێز لە بڕیاری دادگا دەگرم، بەڵام ستەمم لێ كرا و بڕیارەكە سیاسییە".

زێباری كە تا ئێستا تاكە كاندیدی پارتی بووە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغداد "سەرسوڕمان"ی خۆی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەربڕی و ئەمڕۆی بە "ڕۆژێكی خەمناك بۆ عێراق" ناو برد، بەڵام وتی "ژیان لە هیچ خاڵێكدا ڕاناوەستێت".

كاندیدەكەی پارتی ڕایگەیاند "هێزی سیاسی لە پشت بڕیارەكەوەیە و دەیانناسین، ئێمە ئەوەندە غەشیم نیین". پێیشی وابوو هۆكارەكەی ئەوەیە "نایانەوێت عێراق سەرۆكێكی بەهێزی هەبێت".

"پرسیار لە شەقام بكەن لەبارەی ڕەفتار و هەڵسوكەوتم. كاندیدكردنم لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە بۆ من هەموو دونیا دەهێنێت"، هۆشیار زێباری وای وت.

زێباری جەختی لەوە كردەوە كە هەموو مەرجەكانی بۆ كاندیدبوون تێدا بووە و وتیشی "تا ئێستا پارتی هیچ كاندیدێكی دیكەی نییە و بژاردەی زۆرمان لەبەردەمدایە. سەركردایەتی موراجەعەی ئەم بابەتە دەكات و ڕەنگە پرسەكە لە ئێمە گەورەتر بێت".

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا هۆشیار زێباری، كاندیدی دوورخراوەی پارتی بۆ سەرۆككۆماری عێراق، ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە هاوپەیمانەكانی حیزبەكەی (موقتەدا سەدر و محەمەد حەلبووسی) گرت و وتی "هەموو هاپەیمانییەك دەبێت لە پشتی یەكتر ڕاوەستن، دەبێت پاڵپشتیی یەكتر بكەن، نابێت من پاڵپشتیت بكەم و تۆ پاڵپشتیم نەكەیت".

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق پێچەوانەی بەرژەوەندیی هۆشیار زێباری بڕیاری دا و كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق ڕەت كردەوە. تێچووی دانیشتنەكەی دادگایشی خستە ئەستۆی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە كاندیدبوونی زێباریی پەسەند كردووە.

دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هۆكاری ڕەتكردنەوەی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری ئاماژەی بەوە كردووە كە ناوبراو كاتێك وەزیری دارایی بووە، بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراق كراوە و لە ئەنجامدا وەڵامدانەوەی بۆ پرسیارەكان باوەڕپێهێنەر نەبووە و متمانەی لێ‌ وەرگیراوەتەوە.

دادگاكە دەڵێت، ئەو هۆكارە وا دەكات ك هۆشیار زێباری مەرجە دەستوورییەكانی بۆ كاندیدبوون تێدا نەبێت بە تایبەت "ناوبانگی باش و ناسراوبوون بە پاكێتی".

داداگای فیدراڵیی عێراق لە دوو خاڵدا بڕیاری خۆی لەبارەی دۆسیەكەی هۆشیار زێبارییەوە داوە كە لە خاڵی یەكەمدا بڕیاری پەرلەمانی عێراقی بۆ پەسەندكردنی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری بە نادروست لەقەڵەم داوە و كاندیدبوونی ڕەت كردووەتەوە، بە هۆكاری ئەوەی پێچەوانەی ماددەی 68ی دەستووری عێراقە.

لە خاڵی دووەمی بڕیارەكەشدا هاتووە كە سكاڵالەسەركراو دەبێت تێچووی پارێزەر و وەكیلەكانی ئەو دۆسیە بدات. بەوپێیەش محەمەد حەلبووسیی سەرۆكی پەرلەمانی پابەند كردووە بە پێدانی بڕی ١٠٠ ھەزار دینار وەك خەرجیی پڕۆسەی دادگایی دۆسیەكەی ھۆشیار زێباری.

حەلبووسیی سكاڵا لێكرای دۆسیەكەیە و پەرلەمانتاران تانەیان لە بڕیاری ئەو داوە كە كاندیدبوونی ھۆشیار زێباریی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پەسەند كردووە.

هۆشیار زێباری لەلایەن سێ‌ پەرلەمانتاری یەكێتی و پەرلەمانتارێكی شیعەوە سكاڵای لە دژ تۆمار كرابوو بەوەی كە مەرجەكانی كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار تێدا نییە.