دادگاییكردنی بێریڤان ئەیوب دواخرا

14-02-2022 10:13

پەرەگراف- فەرمان سادق

دانیشتنی دادگاییكردنی بێریڤان ئەیوب، چالاكی دەستگیركراوی بادینان، بۆ 28-2-2022 دواخرا. ئەمە لە كاتێكدایە ئەو ژنە چالاكە نزیكەی 17 مانگە دەستگیر كراوە و ڕێگە نەدراوە پارێزەرەكانی ببینێت.

سەبارەت بە هۆكاری دواخستنی دادگاییكردنەكە لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە، بەشدار حەسەن، پارێزەر لە تیمی پارێزەرانی دۆسیەكەی بێریڤان ئەیوب، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بەهۆی حاڵەتێكی نەخوازراوەوە كە سەرۆكی دادگای تاوانەكانی دوو پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی بۆ هات كە كوڕەكەی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە، دادگاییكردنەكە دواخرا".

بەشدار حەسەن وتیشی "سەرۆكی دادگا فەرمانی كرد كە وادەیەكی نزیك بۆ دادگاییكردنەكە دیاری بكرێت كە 28ی ئەم مانگەیە".

هاوكات ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەرێكی دیكەی دۆسیەكە، وتی "هەوڵمان زۆر داوە، بەڵام تا ئێستا نەمانتوانیوە بێریڤان ئەیوب ببینین و واژووی وەربگرین بۆ ئەوەی ببینە پارێزەری دەۆسیەكەی، بەڵام بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان بۆ وەرگرتنی واژووەكەی".

"ساڵێك و پێنج مانگە منداڵەكانم نەبینیوە و گوێم لە دەنگیان نەبووە، بەڵام ئامادەی قوربانیدانی زیاترم، چونكە ئەوانەی بە ئازادی دێنە دنیاوە، ئەگەر لەناو زیندانیشدا بن هەر بە ئازادی دەژین"، ئەمە قسەی بێریڤان ئەیوب، چالاكی دەستگیركراوی بادینانە كە دوێنێ و ڕۆژێک بەر لە یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی لە زیندانەوە بۆ پەرەگراف دوا.

لە گفتوگۆیەكی تەلەفۆنیی تایبەتدا لەگەڵ پەرەگراف، بێریڤان ئەیوب ڕایگەیاند "لەژێر هەڕەشە و بە شێوازێكی زۆر توندووتیژ و نامرۆڤانە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كردووم. ناچاریان كردم دان بە چەند شتێكی ناڕاست بنێم لەسەر خۆم".

سەبارەت بەو هەڕەشانەی لێی كراوە، بێریڤان ئەیوب وتی "هەڕەشەی ئەوەیان لێ‌ كردم كە جارێكی دیكە منداڵەكانت نابینیتەوە و شتی زۆر گەورەتر دەخەینە سەرت (تۆمەتی گەورەتر دەدەینە پاڵت)".

ئەو چالاكەی بادینان بەپێی ماددەی یەك لە یاسای ژماری 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان، تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان"ی دراوەتە پاڵ.

بێریڤان ئەیوب بۆ پەرەگراف دەڵێت "دوای هەوڵدانێكی زۆر، حەوت جار مانگرتنم لە خواردن و خواردنەوە و تێكچوونی باری تەندروستیم لەپێناو یەكلاییكردنەوەی كەیسەكەم، ئینجا ڕۆژی دادگاییكردنەكەم دیاری كرا".

ئەو چالاكەی بادینان جەخت دەكاتەوە كە "ماوەی 17 مانگە بەبێ‌ تاوان دەستگیر كراوم. بە درێژایی ئەو ماوەیە بێبەش كراوم لە مافەكانم لەناو زیندان. تاكە یەك جاریش ڕێگەیان نەداوە پارێزەكانم بیینم".

"بەو هیوایەم ئەو هەموو قوربانیدانەم، بێبەشكردنم لە مافی دایكایەتیم بەفیڕۆ نەچێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان و خەڵكی ئاسایی ڕۆژی دادگاییكردنەكەم ئامادە بن"، بێریڤان ئەیوب وا دەڵێت.