میدیای توركیا دەڵێت ژمارەیەك بەرپرسی باڵای پەكەكە لە قەندیل كراونەتە ئامانج

27-03-2019 05:39


پەرەگراف


میدیای توركیا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیی هەواڵگری‌و سوپایی وڵاتەكەیان لە قەندیل ئەنجامدراوەو چەند بەرپرسێكی باڵای پەكەكە كراونەتە ئامانج كە كوژراو و برینداریان تێدایە.

ئاژانسی ئەنادۆڵی نیمچە فەرمیی توركیا لەزاری سەرچاوە ئەمنییەكانی وڵاتەكەیەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، ئۆپەراسیۆنەكە 21ی ئەم مانگە ئەنجامدراوە‌و لەو كەسانەی كراونەتە ئامانج؛ ڕەزا ئاڵتون بەرپرسی باڵای پەكەكە -هەندێك میدیای بیانیی وەك وەزیری دەرەوەی پەكەكە دەیناسێنن- "بە سەختیی بريندار كراوەو چارەنوسی نادیارە."

هەربەپێی ئەنادۆڵ، لەو ئۆپەراسیۆنەدا هەریەكە لە؛ میكایل ئۆزدەمیر ناسراو بە ناودار، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە‌و ئەمروڵڵا دورسون ناسراو بە سەرحەت ڤارتۆ، گوتەبێژی كەجەكە-چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە-‌و عەلی ئاكتاش ناسراو بە سینان سۆر بەرپرسی ناوچەی قەندیلی پەكەكە، "لە چالاكی خراون"، (تورکیا ئەم دەستەواژەیە بۆ کوژراو بەکاردەهێنێت).

تائێستا پەكەكە هیچ زانیاریی‌و لێدوانێكی دەربارەی ئەم هەواڵە بڵاونەكردووەتەوە، پەرەگراف پەیوەندیی بە ژمارە تەلەفۆنی وتەبێژی فەرمیی پەكەكەوە كرد، بەڵام بەردەست نەبوو.

ئۆپەراسیۆنەكە چۆن ئەنجامدراوە؟

بەپێی ئەنادۆڵ، دوای ئەوەی دەزگای هەواڵگریی توركیا(میت) بەوە دەزانێت كە ڕەزا ئاڵتون، بڕیارە كۆبوونەوەیەك لە ناوچەیەكی نزیك سنووری ئێران لە قەندیل ئەنجام بدات، دەست بە ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنەكە كراوە.

لەو چوارچێوەیەشدا چاودێری خراوەتەسەر سەرجەم ئەو ڕێگەو ئۆتۆمبێلانەی كە ڕەنگە ڕەزا ئاڵتون بەكاری بهێنێت.

پاشان لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بەیرەقدار تی بی-٢ ئەوە دەستنیشان كراوە كە ڕەزا ئاڵتون بە یاوەریی هەریەك لە میكایل ئۆزدەمیرو ئەمروڵڵا دورسون، چوونەتە گوندی ئەبوبەكرەی سەر سنووری ئێران لە قەندیل. دواتر فڕۆكە جەنگییەكان لە جۆری ئێف-١٦ی سوپای توركیا بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی، ئامادەكاریی پێویستیان ئەنجام داوە.

دوای تەواوكردنی ئامادەكارییەكان، لە كاتی نیوەڕۆی ٢١ی ئادار، "ئەو هەماهەنگییە هەستیارەی میت دیاریكردبوو بە تەواوی لە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیدا پێكرا."

ئەنادۆڵ دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا "گورزێكی گەورە" بەر ئەو ئەندامانەی پەكەكە كەوتووە كە پەیوەندییەكانی ئەو پارتە لە ناوچەكە بەڕێوەدەبەن، هاوكات ئۆپەراسیۆنەكە بە ناردنی پەیام بۆ كاراكتەرەكانی ناوچەكە لێك دەداتەوە.