نەوەی نوێ دەتوانێت مافی پەرلەمانتاریی لە ئەندامە ناڕازییەكانی وەربگرێتەوە؟

29-04-2019 07:29
دۆخی یاسایی دوورخستنەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرژەوەندیی شاسوار عەبدولواحید نییە.


پەرەگراف- سەنگەر سالار

دۆخی یاسایی دوورخستنەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرژەوەندیی باڵی ناڕازییەو لە پەرلەمانی كوردستانیش بابەتەكە خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت. پەرەگراف زانیاریی ورد لەبارەی ڕووانگەی یاسایی دوورخستنەوەی ئەندامی پەرلەمان لەلایەن قەوارەكەیەوە دەخاتە ڕوو.

ناكۆكییەكانی ناو جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ و فراكسیۆنەكانی لە هەرێم و بەغدا، ئەگەری دوورخستنەوە یان جیابوونەوەی باڵی ناڕازیی لە جووڵانەوەكە هێناوەتە ئاراوە.

هەرچەندە باڵی ناڕازیی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ خۆیان بە خاوەنی جووڵانەوەكە ناو دەبەن، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ‌ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی ناوخۆیی(ئینزیباتیی) لەسەر سەركەوت شەمسەدین و ڕابوون مەعرووف، سەرۆك و ئەندامی فراكسیۆنەكەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێكهێناوە، كە ئەگەری دوورخستنەوەیان لە جووڵانەوەكە هەیە. لە پەرلەمانی كوردستانیش چوار ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە باڵی ناڕازایین كە چەندین تۆمەتیان داوەتە پاڵ سەرۆكی جووڵانەوەكە و باڵەكەی، كە ئەگەر پێكنەیەنەوە، ئەگەری دابەشبوونی فراكسیۆنەكە لەئارادایە.

ئەوەی جێگای پرسیارە، ئەوەیە كە ئایا لە ئەگەری جیابوونەوەی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ‌ لە فراكسیۆنەكانیان لە هەرێم و بەغدا، جووڵانەوەكە دەتوانێت مافی ئەندامێتیی پەرلەمانیان لێ‌ وەربگرێتەوەو كەسێكی دیكە لە شوێنیان دابنێت؟

دانا دارا، ڕاوێژكاری یاسایی پەرلەمانی كوردستان، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا بۆ پەرەگراف وتی "ئەگەر ئەندام لە سیاسەتی قەوارەكەی دەربچێت، یان بچێتە ڕیزی فراكسیۆنێكی دیكەوە، بەڵێ‌ قەوارەكەی دەتوانێت لە ئەندامێتیی پەرلەمان دووری بخاتەوە و كاندیدی دیكە لە شوێنی دابنێت. ئەو مافە بەپێی ماددەی 110 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بە قەوارەكان دراوە".

لە بڕگەی دووەم لە ماددەی 110ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە "پەرلەمانتار ئازادە لە كاری پەرلەمانی، بەڵام هەر كاتێك ئەندامی فراكسیۆنێك لە فراكسیۆنەكەی خۆی جیا بووەوە، یاخود چووە پاڵ فراكسیۆنێكی تر، ئەوا ئەندامیەتی خۆی لەدەست دەدات لە پەرلەمان ‌و كەسێكی تر لەو فراكسیۆنەكە بەپێی ڕیزبەندی شوێنی پڕدەكاتەوە، بە ڕەزامەندیی پەرلەمان".

لەبارەی دەستەواژەی "بە ڕەزامەندیی پەرلەمان" كە لە دەقی ماددەكەدا هاتووە، دانا دارا دەڵێت "ئەو بڕگەیە تەفسیر هەڵدەگرێت، هەندێك پێیان وایە بابەتەكە وەكو دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە".

ئەو دەستەواژەیەی بڕگەی دوو لە پەیڕەوی ناوخۆ، ئەگەری ئەوەی هێناوەتە ئارا كە لە حاڵەتی دوورخستنەوەی ئەندامە ناڕازییەكانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە جووڵانەوەكە، بتوانن بەردەوام بن لە كارەكەیان، بە تایبەت كە هیچ كامیان باسیان لە دەستلەكاركێشانەوە لە نەوەی نوێ‌ نەكردووە، بەڵكو خۆیان بە خاوەنی جووڵانەوەكە ناو دەبەن.

ڕاوێژكارە یاساییەكەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەی پشتڕاست كردەوە و وتی "كە پرسەكە هێنرایە ناو پەرلەمانەوە، دەكرێت لە دروستكردنی زۆرینەیەكی پەرلەمانیی فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان، دوورخستنەوەی ئەندامەكان دەنگی پێویست نەهێنێت و ئەندامەكان لە شوێنی خۆیان بمێننەوە".

دانا دارا ئاماژەی بەوەش كرد "ئەو دەقە، كاتی خۆی بە نەفەسێكی وا نووسراوە كە لە حاڵەتێكی ئاوادا تەفسیری جیاواز هەڵبگرێت و مامەڵەی سیاسیی پێوە بكرێت، كە خۆی دەبێت بە جۆرێك بنووسرایە زۆر تەفسیر هەڵنەگرێت".

بارودۆخەكە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تەواوی لە بەرژەوەندیی باڵە ناڕازییەكەی نەوەی نوێیە، بە تایبەت سەرۆك و ئەو ئەندامەی فراكسیۆنەكە كە لیژنەی ئینزیباتییان لەسەر پێكهێنراوە.

د. ئەمین بەكر، ڕاوێژكاری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەوبارەیەوە بۆ پەرەگراف وتی "لە ڕووی یاساییەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە ئەندامێتیی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەند كرا، ناتوانرێت دەستی پێ‌ لە كار بكێشرێتەوە.

پەرلەمانتار ئازادە پابەند بێت یاخود پابەند نەبێت بە ئاڕاستە سیاسییەكەیەوە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەرلەمانتار لەبەر جیابوونەوەی لە قەوارە سیاسییەكەی، مافی ئەندامێتیی لێ‌ وەرناگیرێتەوە".

د. ئەمین بەكر كە لە خولی پێشوودا ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بوو، ڕوونكردنەوەی زیاتری لەوبارەیەوە دا و وتی "متمانەدان بەپێی یاسای هەڵبژاردن بە لیستی نیمچە كراوەیە، دەنگدەر دەنگ بە لیست و كاندیدەكەش دەدات، واتە ئەو كاندیدە خۆیشی وەكو تاك، متمانەی هاووڵاتی بەدەست دەهێنێت، بۆیە قەوارەكەی ناتوانێت دووری بخاتەوە".

سەبارەت بەو حاڵەتانەی كە تێیدا پەرلەمانتار لە پۆستەكەی دووردەخرێتەوە، ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بە چەند حاڵەتێك دا "ئەگەر ئامادەنەبوونی لە دانیشتنەكانی پەرلەمان زۆر بێت، یان بە هۆكارێك لە دەرەوە بێت و نەتوانێت بگەڕێتەوە، یان ئەگەر تاوانێكی بەسەردا ساغ ببێتەوە، لەم حاڵەتانەشدا دەبێت دوورخستنەوەكەی بخرێتە دەنگدانەوە و دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت".

نەوەی نوێ لە كوردستان 8 و لە عێراق 4 ئەندامی لە پەرلەمان هەیە، جووڵانەوەكە هەرلەسەرەتاوە ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵبژاردووەو ئەو وەك ڕكابەرو ڕەخنەگری تووندی سەرجەم حزبەكان دەردەكەوێت بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەوە بەتایبەت پارتی‌و یەكێتی هەردوو بنەماڵەی بارزانی‌و تاڵەبانی.

ئێستا بەهۆی كێشەی ناوخۆییەوە فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق‌و كوردستان‌و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، بە تەواویی بوون بە دوو بەشەوەو بە دەركردنی بەیاننامە بۆ ڕایگشتی بۆچوونی خۆیان دەربارەی جوڵانەوەكەو سیاسەتەكانی خستووەتە ڕوو، نیوەیان دژی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەكە هەڵوێستیان وەرگرتووەو نیوەكەی دیكەیان وەك بەرەی شاسوار ماونەتەوە.