پارتی، ڕێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كاندید دەكات

14-02-2022 07:28

پەرەگراف

پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم، كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆككۆمار و شوێنگرتنەوەی هۆشیار زێباری.

مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی بەڕێز (ڕێبەر ئەحمەد خالید) وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەك كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق ڕادەگەیەنێت".

وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم هەنگاوەی حیزبەكەی "دوای ئەو پێشهاتە سیاسی و كۆسپ و تەگەرانە دێت كە خرانە بەردەم هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق" و "لەپێناو بەردەوامبوونی هەنگاوە دەستوورییەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق"ـە.

ڕێبەر ئەحمەد دوای بڕیاری سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، خۆی كاندید كردووە، بەڵام لە دادگای فیدراڵی تانە لە بڕیاری دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەو پۆستە دراوە بە پاساوی نادەستووریبوونی.

ئەگەر دادگا ئەو بڕیارە بە پێچەوانەی دەستوور لە قەڵەم بدات، ئەوا خۆكاندیدكردنەكەی ڕێبەری ئەحمەد پەسەند ناكرێت و بەوەش پارتی بە یەكجاریی لە كێبڕكێكە دەكرێتە دەرەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر بڕیارەكە بە دەستووری لە قەڵەم بدات، ئەوا ڕێبەر ئەحمەد ڕكابەریی بەرهەم ساڵح دەكات.

دوێنێ‌ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق پێچەوانەی بەرژەوەندیی هۆشیار زێباری بڕیاری دا و كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق ڕەت كردەوە.

دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هۆكاری ڕەتكردنەوەی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری ئاماژەی بەوە كردووە كە ناوبراو كاتێك وەزیری دارایی بووە، بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراق كراوە و لە ئەنجامدا وەڵامدانەوەی بۆ پرسیارەكان باوەڕپێهێنەر نەبووە و متمانەی لێ‌ وەرگیراوەتەوە.

دادگاكە دەڵێت، ئەو هۆكارە وا دەكات ك هۆشیار زێباری مەرجە دەستوورییەكانی بۆ كاندیدبوون تێدا نەبێت بە تایبەت "ناوبانگی باش و ناسراوبوون بە پاكێتی".

هۆشیار زێباری، دوای بڕیاری دوورخستنەوەی لە كێبڕكێی پۆستی سەرۆككۆمار، لە یەكەم كاردانەوەیدا وتی "ڕێز لە بڕیاری دادگا دەگرم، بەڵام ستەمم لێ كرا و بڕیارەكە سیاسییە".

زێباری لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغداد "سەرسوڕمان"ی خۆی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەربڕی و ئەمڕۆی بە "ڕۆژێكی خەمناك بۆ عێراق" ناو برد، بەڵام وتی "ژیان لە هیچ خاڵێكدا ڕاناوەستێت".

كاندیدەكەی پارتی ڕایگەیاند "هێزی سیاسی لە پشت بڕیارەكەوەیە و دەیانناسین، ئێمە ئەوەندە غەشیم نیین". پێیشی وابوو هۆكارەكەی ئەوەیە "نایانەوێت عێراق سەرۆكێكی بەهێزی هەبێت".

* زێباری: ڕێز لە بڕیاری دادگا دەگرم، بەڵام ستەمم لێ كرا و بڕیارەكە سیاسییە