بافڵ تاڵەبانی كار بۆ كردنەوەی بەرەیەكی نوێ دەكات لە بەرامبەر بارزانی

15-02-2022 12:27

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی بۆ كردنەوەی بەرەیەكی نوێ لە بەرامبەر بارزانی و پێكهێنانی هاوپەیمانییەك لە پێناو مسۆگەركردنی پۆستی سەرۆككۆمار، لە بەغدادە.

هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبووەوە كە بەرەی بەرامبەر سەدرییەكانن. سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە پەرەگرافی وت "كار بۆ هاوپەیمانییەكی فراوان دەكرێت كە تێیدا سەرۆككۆمار بۆ یەكێتی مسۆگەر بكرێت و هیچ لایەنێكی چوارچێوەی هەماهەنگی لە حكومەتی نوێ دوور نەخرێتەوە".

ئەو هەنگاوە دوای دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری كاندیدی مەسعود بارزانی دێت بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كە بە تەواوەتی پارتیی نیگەران كردووە.

پەیجی فەرمیی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردەكانی هەماهەنگی دەڵێت "پرسە سیاسی، ئەمنی و ھەنگاوەكانی پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، بەرپرسیارانە و نیشتمانییانە تاوتوێی دۆخەكە كرا".

دەشڵێت "ھەڵوەستە كرا لەسەر پێشھاتەكان و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان، بۆ گەیشتن بە ڕێگاچارەی گونجاو و لێكنزیكردنەوەی بۆچوونەكان لەپێناو پێكھێنانی حكومەتێكی تەوافقی نیشتمانیی خزمەتگوزار كە وەڵامدەرەوەی خواستی ئەمڕۆی ھەموو نەتەوە و پێكھاتەكان بێت".

* پارتی، ڕێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كاندید دەكات

* زێباری: ڕێز لە بڕیاری دادگا دەگرم، بەڵام ستەمم لێ كرا و بڕیارەكە سیاسییە