دادگای فیدراڵی بڕیارى كۆتایی دا: هەناردەكردنی نەوت و یاسای نەوت و غازی هەرێم و نادەستوورین

15-02-2022 03:59

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە "ڕادەستكردنی كۆی ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی دەهێنێت بە حكومەتی فیدراڵی" و دەڵێت "دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت، ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ لایەنە دەرەكییەكان لە دەوڵەت و كۆمپانیاكان، دەرچوواندنی یاسای نەوت و غاز لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێچەوانەی دەستووری عێراقن".

دادگاكە لە دانیشتنێكی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ سێشەممە 15-2-2022 بەڕێوە چوو، پێنج بڕیاری دەركرد كە لە یەكەم خاڵدا بڕیاری داوە بە "نادەستووریبوونی یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007 نەوت ‌و غازی هەرێمی كوردستان‌ و پووچەڵكردنەوەی، بەهۆی پێچەوانەبوونی لەگەڵ ماددەكانی (110، 111، 112، 115، 121 و 130) دەستووری كۆماۆی عێراق بۆ ساڵی 2005".

دادگای فیدراڵی لە دووەم خاڵدا بڕیاری داوە بە "پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕادەستكردنی تەواوی ئەو نەوتەی لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان‌ و ناوچەكانی تر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەرهەمی دەهێنێت، بە حكومەتی فیدراڵی لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە".

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەو مافەی داوە بە سكاڵاكار (وەزیری نەوتی عێراق) كە لە چوارچێوەی ئەركەكانیدا چاودێریی پووچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتییانە بکات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی نوێنەرەكەی (وەزیری سامانە سروشتییەكان) لەگەڵ لایەنە دەرەكییەكانی دەوڵەت ‌و كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوە، دەرهێنانی، هەناردەكردن‌ و فرۆشتنی نەوت واژووی كردوون.

"پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی ڕێگا بە وەزارەتی نەوتی عێراق‌ و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بدات، پێداچوونەوە بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتییانەدا بكەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرباری هەناردەكردن ‌و فرۆشتنی نەوت ‌و غاز واژووی كردوون"، خاڵی چوارەمی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی وا دەڵێت.

هەر لە خاڵی چوارەمدا هاتووە "وردبینیكردنی و دیاریكردنی ئەو مافانەی لەسەر هەرێمی كوردستانە و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی بە شێوەیەك كە گەیاندنی مافەكانی هاووڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی گەرەنتی بكات و دوانەكەوێت، دوای ئەوەی هەموو بڕگەكانی ئەم بڕیارە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ دەكرێت".

لە كۆتاییشدا دادگای فیدراڵی لایەنی سكاڵالێكراوی پابەند كردووە بە پێدانی هەموو ڕسومات و خەرجی و كرێی پارێزەران بریكارەكانی سكاڵاكارەكان كە بڕی 100 هەزار دینارە.

بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لە ئەنجامی بەدواداچوون بۆ دوو سكاڵا سەرچاوەی گرتووە، كە سكاڵای یەكەم لەلایەن وەزیری نەوتی عێراقەوە لەسەر وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم تۆمار كراوە، سكاڵای دووەمیش لەلایەن ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرەوە لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراوە بەهۆی دەركردنی یاسای نەوت و غاز.

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە بڕیاری كۆتاییە و قابیلی تانەلێدان نییە، بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی دادگاكە و دژایەتیی دوو ئەندام دەرچووە. هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانیش پابەند كراون بە جێبەجێكردنی.