دەستپێشخەرییەكی نوێ دەخرێتە بەردەم پارتی و یەكێتی بۆ ڕێككەوتن لەسەر سەرۆككۆمار

15-02-2022 07:25

پەرەگراف

ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار بەردەوامن، لایەنە شیعەكان دەیانەوێت ئەو دوو حیزبە بگەیەننە ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە.

زەرغام مالیكی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، بە میدیا عێراقییەكانی وت "دەستپێشخەرییەك هەیە بۆ ئەوەی كۆتایی بە كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی بهێنرێت و پێشبینی دەكەن لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەو دوو حیزبە بگەنە ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش".

هەر لەسەر هەمان پرس، محەمەد شمەری، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، دەڵێت "دۆخەكە بەرەو ئەوە دەچێت كەسێك وەك كاندیدی هاوبەش ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت، بۆ ئەوەش ناوی لەتیف ڕەشید وەك كاندیدی یەكێتی هاتووەتە بەرباس تا ببێتە كاندیدی هاوبەش لە نێوان پارتی و یەكێتی".

ئەمە لە كاتێكدایە كە پاش ڕەتكردنەوەی هۆشاری زێباری لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، پارتی دیموكرات كاندیدێكی دیكەی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێشكەش كردووە كە (ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان)ـە.

پاش دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری، ململانێكانی نێوان پارتی دیموكرات و یەكێتیی نیشتمانی لە قۆناغێكی خراپدا ماونەتەوە و یەكێتیش هیچ وەڵامێكی فەرمیی پێشنیازەكانی بارزانیی نەداوەتەوە.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، هێڵی سووری لەسەر بەرهەم ساڵح داناوە و بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی كردنەوەی بە سەرۆكی كۆمار دەكات، ئەوەش خاڵێكی دیاری ناكۆكی و ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتییە.

ڕۆژی 10-2-2022 بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، جارێكی دیكە چووە پیرمام و لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبووەوە.

بەپێی زانیارییەكان، بارزانی پێشنیاری ئەوەی بۆ بافڵ تاڵەبانی كردووە كە پۆستی سەرۆككۆمار ئەم جارە بۆ پارتی بێت و پۆستەكانی دیكە بۆ یەكێتی بن، یان یەكێتی بەرهەم ساڵح بكشێنێتەوە و هەردوولا لەسەر كاندیدێكی هاوبەشی دیكە ڕێك بكەون. تا ئێستا یەكێتی بڕیاری كۆتایی لەبارەی پێشنیازەكانی بارزانییەوە نەداوە، بەڵام لە بەغدا لەسەر هەوڵە دیبلۆماسییەكانی بەردەوامە.

بافڵ تاڵەبانی بۆ كردنەوەی بەرەیەكی نوێ لە بەرامبەر بارزانی و پێكهێنانی هاوپەیمانییەك لەپێناو مسۆگەركردنی پۆستی سەرۆككۆمار، دوێنێ‌ جارێكی دیكە چووە بەغداد.

هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبووەوە كە بەرەی بەرامبەر سەدرییەكانن. سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە پەرەگرافی وت "كار بۆ هاوپەیمانییەكی فراوان دەكرێت كە تێیدا سەرۆككۆمار بۆ یەكێتی مسۆگەر بكرێت و هیچ لایەنێكی چوارچێوەی هەماهەنگی لە حكومەتی نوێ دوور نەخرێتەوە".

ئەو هەنگاوە دوای دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری كاندیدی مەسعود بارزانی دێت بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كە بە تەواوەتی پارتیی نیگەران كردووە.