حکومەتی ھەرێم: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نادەستورییەو قبوڵی ناکەین

15-02-2022 11:00

پەرەگراف

حکومەتی ھەرێم بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە  "نادادپەروەرانە و نادەستوریی و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان" ناو دەبات و دەڵێت "قبوڵکراو نییە و پێویست بوو دادگا لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر بکات و رەچاوی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی بکردایە".

ھەر لە کاردانەوەی بڕیارەکەدا، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند، "بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی تەواو سیاسییەو پێچەوانەی دەستوورەو ئامانج لێی دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستانە".

بارزانی دەشڵێت "بۆ هەموو لایەك ئاشكرا دەكەین كە هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكییەوە بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی خۆی دەكات".

دەقی ڕاگەیەندراوی حکومەتی ھەرێم لەبارەی بڕیارەکە

هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕوانگەی باوەڕبوونی بە دەستوری عێراقی فیدڕاڵ ساڵی ٢٠٠٥، کە لە ماددەی ١١٧دا دانیناوە بە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی بەسەرجەم دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییەوە، و دەسەڵاتەکان دابەشکران لە نێوان دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان و هەرێمەکان و لە دەستووری عێراق جێگیرکرا کە بواری نەوت و گاز لە دەسەڵاتی حەصری حکومەتی فیدراڵی نیە بە پێی ماددەی ١١٢ی دەستور و ئەم ماددەیەش دانی ناوە بە مافی هەرێمی کوردستان بۆ دەرهێنان و پەرەپێدانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان،   لە ڕوانگەی کاری پێکەوەیی لەم بوارەدا کە لە مادەی ١١٢ی دەستوردا هاتووە هەرێمی کوردستان هەنگاوی نا بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی یاسایەک دەربکات بۆ نەوت وگاز کە ڕەشنووسەکەشی ئامادەکرا و پەسەندکرا لەلایەن هەردوولاوە لە شوباتی ساڵی ٢٠٠٧ و لە کۆنووسی ئامادەکردنی رەشنووسەکەشدا هاتووە هەردوولا رێکەوتن ئەگەر لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا پرۆژە یاساکە دەرنەچووێندرا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەو داڕشتنەی کە هەردوولا پەسەندیان کردبوو ئەوا هەردوو حکومەت سەرپشکن لە پەرەپێدانی سێکتەری نەوت وگاز.

لەبەر ئەوەی ڕەشنووسە هاوبەشەکە یەک لایەنە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە گۆڕانکاری جەوهەری تێدا کرا بەبێ هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک پڕۆژەکە خاڵیکرایەوە لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم، بۆیە پەرلەمانی کوردستان بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە دەستورییەکان یاسای نەوت و گازی هەرێمی تەشریع کرد و لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێ ئەم یاسایە، کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانی دونیا بە سەرمایەی گەورە وەبەرهێنانیان لەم بوارە کرد بۆ گەڕان بەدوای نەوت و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان دوای دۆزینەوەی نەوت.

لە دوای بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە شوباتی ساڵی ٢٠١٤ یەکلایەنە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە و پێش ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوت هەناردەی دەرەوەی بکات، لە ئەنجامی ڕووبەڕوو بوونەوەی هەرێم بۆ قەیرانێکی دارایی گەورە لە مانگی ئایاری ٢٠١٤ نەوتی هەرێم هەناردە کرا بۆ دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەو کاتەشەوە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە گفتوگۆکردن بۆ گرتنەبەری رێکاری دەستوری هاوبەش، لە دوایین وێستگەشدا هەردوولا لە  چوارچێوەی یاسای بوودجەی عێراقی فیدراڵدا لە ساڵی ٢٠٢١ رێکەوتن کە هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەیە، داهاتی فرۆشتنی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمیش رۆژانە بدرێتەوە بە حکومەتی فیدراڵی، لە هەمانکاتدا هەر دوولا لێکتێگەشتنێکی هاوبەشیان هەبوو بۆ داڕشتنی  پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە پشتبەستن بە ماددەی ١١٢ی دەستور ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە هەرێمی کوردستان باوەری بە کاری پێکەوەیی لە چوارچێوەی دەستوور لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی هەیە بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێراق.

لە کاتێکدا دەبوو هەموو لایەنەکان پاڵپشتی ئەو کەشە ئەرێنییەیان بکردایە  لە نێوان حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، بەڵام دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەمڕۆ بڕیارێکی دەرکرد بەبێ ڕەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکان بە پشتبەستن بە  یاسا مەرکەزییەکانی رژێمی بەعسی پێشوو کە  ناکۆکن لەگەڵ بنەماکانی فیدڕاڵیەتدا، ئەرکی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکانیشە ئەو یاسا مەرکەزییانە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە هەڵبوەشێننەوە لە ناویشیاندا یاسای وەزارەتی نەوتی ژمارە ١٠١ی ساڵی ١٩٧٦، سەرەرای ئەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی چەندین سەرپێچی یاسایی و رێکاری دادبینی تێدایە وەکو یەکخستنی دوو داوای جیاواز بەبێ بوونی بنەمای یاسایی.

بۆیە ئەم بڕیارە ئەبێتە هۆکاری زیاتر ئاڵۆزکردنی بابەتەکە و چارەسەرنەکردنی کێشەکە

لەبەر رۆشنایی ئەو راستییانەی سەرەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەسەر:

١. ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و نادەستورییە و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە و پێویست بوو دادگا لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر بکات و رەچاوی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی بکردایە.

٢. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەرداری مافەکانی هەرێمی کوردستان نابێت کە لە دەستوری عێراقدا جێگیرکراون، لەم سۆنگەیەشەوە حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دەستوری بنەڕەتی بۆ ئەم بابەتە، سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد و هەوڵیدا کە ئەم داوایە دوابخرێت و دەرفەتێک بدرێت بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی داهاتوودا ڕێکبکەوێت.

٣. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارێکی دەستوری و یاسایی و دادوەری دەگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی هەموو ئەو گرێبەستانەی کە لە بواری نەوت و گازدا کراون.

حکومەتی هەرێمی کوردستان

15/2/2022