خەڵک و حیزبەکان بەرگریی لە دۆسیەی نەوتی هەرێم ناکەن

16-02-2022 06:33

پەرەگراف

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، زۆر کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆشحاڵیی دەردەبڕن و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ڕەخنەیان هەیەو داوای شەفافییەت دەکەن.

یەکێتی پێیوایە، دەبوو دادگای فیدراڵی لەم بڕیارەدا مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی ڕەچاو بکردایە.

ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەکێتی، لەبارەی بریارەکەی دادگای فیدراڵی لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت: داوامان لە هەموو لایەنەکان ئەوەیە دەستوور بۆ هیچ مەرامێکی بەرتەسکی سیاسی پێشێل نەکرێت، بۆ پرسێکی وەک یاسای نەوت و غاز و گشت پرسە چارەنووسسازەکانی تر، دەقە دەستوورییەکان جێبەجێبکرێن، لەپێناو پاراستنی سیستەمی فیدڕاڵی وسەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا.

هاوکات ڕێبوار عەبدولرەحمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە عێراق بە پەرەگرافی وت: سیاسەتی نەوتی هەرێم زۆر ناشەفافەو ئاگامان لێی نییەو بەوهۆیەوە ناتوانین بەرگریی لێبکەین.

هەر ئەمڕۆ فراکسیۆنی نەوەی نوێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "تەنها لە ماوەی ١٤ مانگدا لە سلێمانی، ١٠٢ هەزار تەن گازی شل دیارنەماوە کە بایی زیاتر لە ٥١ ملیۆن دۆلارە".

یەکگرتووی ئیسلامیش نیگەرانیی پیشاندا لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، "وێڕای بوونی چەندین تێبینی و ڕەخنە لەسەر ئەدائی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و غاز و شێوەی مامەڵەی لەگەڵ گرفتە هەڵواسراوەكانی لەگەڵ بەغدا" بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو.

فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی له‌ په‌رله‌مانی عێراق كه‌‌ یه‌ك په‌رله‌مانتاری هەیە، دەڵێت: خه‌ڵك به‌ بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ راده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم دڵخۆشن و ئەوانیش، پشتیوانیی هه‌ر بڕیارێکن کە لە بەرژەوەندی خۆشگوزەرانی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا بێت.

بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەوە دەخاتەڕوو، "گەندەڵی و بەهەدەردانی سامان، نەبونی شەفافیەت و زانیاری لەبارەی داهاتی نەوت؛ متمانەی بە دۆسیەکە لاواز کردووە".

گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: بۆ رەوینەی گومان و چارەسەری كێشەكان پێویستە سیاسەتی نەوتی هەرێم شەفاف بێت و داهاتەكەشی بخرێتە خزمەتی باشكردنی ئاستی بژێوی ژیانی خەڵك.

بڕیارەکەی دادگا فیدراڵیی دوێنێ دەرکرا و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و پارتی بە تووندی دژی وەستانەوە.

دادگاكە لە دانیشتنێكی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان كە 15-2-2022 بەڕێوە چوو، پێنج بڕیاری دەركرد كە لە یەكەم خاڵدا بڕیاری داوە بە "نادەستووریبوونی یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007 نەوت ‌و غازی هەرێمی كوردستان‌ و پووچەڵكردنەوەی، بەهۆی پێچەوانەبوونی لەگەڵ ماددەكانی (110، 111، 112، 115، 121 و 130) دەستووری كۆماۆی عێراق بۆ ساڵی 2005".

هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیاری دا بە "ڕادەستكردنی كۆی ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی دەهێنێت بە حكومەتی فیدراڵی" و دەڵێت "دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت، ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ لایەنە دەرەكییەكان لە دەوڵەت و كۆمپانیاكان، پێچەوانەی دەستووری عێراقن".