بارزانی: هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت

17-02-2022 01:08

پەرەگراف

بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، مەسعود بارزانی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت.

هێشتا فراکسیۆنەکانی پەرلەمان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە.

چەند ڕۆژێکە شاندی سەرۆکایەتی هەرێم دەستی کردووە بە سەردانی حیزبەکان بۆ وەرگرتنی ڕاوبۆچوونیان لەسەر پرسی هەڵبژاردن و دیاریکردنی ڕۆژەکەی.

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی هەرێم بۆ پەرەگراف وتی "هەفتەی داهاتوو نێچیرڤان بارزانی بە مەرسومێک ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکات".

سەرجەم حیزبەکان دەڵێن لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، بەڵام لەسەر پێكهاتەی كۆمیسیۆن، یاسای هەڵبژاردن و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە کۆک نین.

ئەمە لە كاتێكدایە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا كە 6-9-2022ـە، دەبێت شەش مانگ بەر لەوە و لە 6-3-2022 كۆمیسیۆن بۆ ئامادەكاریی هەڵبژاردن ڕابسپێردرێت، بەڵام کۆمسیۆنی هەریم وادەکەی بەسەرچووەو هێشتا کارا نەکراوەتەوە.

پارتی لەگەڵئەوەدایە یاسای هەڵبژاردن وەكخۆی بمێنیتەوەو كوردستان یەك بازنە‌و هەڵبژاردن بە لیستی نیمچەكراوە بێت، ئەوەش پێچەوانەی ڕاوبۆچوونی لایەنی ئۆپۆزسیۆنە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە بەهێزترین لایەنی ئۆپۆزسیۆنە داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و چەند گۆڕانكارییەك دەكات، لەوانە؛ هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی سەربەخۆ و دوور لە پشكپشكێنەی حیزبی، هەڵبژاردنی نۆ دادوەری بێلایەن بۆ ئەنجومەنی كۆمیسیاران لەگەڵ دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا.