یەكەم ڕۆژی كۆنفراسی میونشن؛ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی جیهان باسی چییان كردووە؟

18-02-2022 11:34

پەرەگراف

یەكەم ڕۆژی 58ـەمین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە بەشداریی دەیان سەركردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان بەڕێوە چوو. سەرۆكانی حكومەت و هەرێمی كوردستان بە دوو شاندنی جیا لە كۆنفرانسەكەدا بەشدارن و زنجیرەیەك كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان ئەنجام دا، تەنیا لەگەڵ سكرتێری نەتەوەیە یەكگرتووەكان پێكەوە كۆبوونەوە.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەڵێت "پوختەیەك دەربارەی دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ڕەوشی عێراق بەگشتی" لەلایەن نێچیرڤان بازانی و مەسرور بازانییەوە خراوەتە ڕوو.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا "باس لە گرنگیی هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" كراوە. هاوكات "خواستی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا و دوا بڕیاری دادگەی باڵای فیدرالیی عێراق دەربارەی یاسای نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان" تاوتوێ‌ كراون.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ‌وەزیرانی دەرەوەی قەتەر، سعوودیە، ئێران و ڤاتیكان، هەروەها وەزیرانی بەرگریی ئیتالیا، توركیا، وەزیری پیشەسازی و تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی ئیمارات، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپی، سەرۆكوەزیرانی لوبنان، وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا و ژمارەیەك ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا كۆبووەتەوە

نێچیرڤان بارزانی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "لە كۆبوونەوەكاندا پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنی بەرامبەر و دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكەمان تاوتوێ كرد".

هەروەها مەسرور بارزانی بە جیا لەگەڵ خلوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا و لۆرێنزۆ گویرینی، وەزیری بەرگری ئیتالیا كۆبووەتەوە.

مەسرور بارزانی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووك دەڵێت لە كۆبووەنەوەكاندا "گفتوگۆمان دەربارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و ئیتاڵیا كرد. جەختمان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا كرد لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەكەدا".

كۆنفرانسی ئاسایشی مینوشن كە یەكێكە لە پلاتفۆرمە گرنگەكانی جیهان، لە شاری میونشنی ئەڵمانیا، بە ئامادەبوونی 600 كەسایەتیی جیهانی كە 30 سەرۆكی دەوڵەت و حكومەت و 100 وەزیر و نوێنەرانی كەرتی كار و كۆمەڵە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانيان تێدایە، بەڕێوە دەچێت و دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا، ئەمینداری گشتیی پەیمانی ناتۆ، جێگری سەرۆكی ئەمریكا و ڕاوێژكاری ئەڵمانیا لەو سەركردە دیارانەی جیهانن كە لە كۆنفرانسەكەدا بەشدارن.

كۆنفرانسەكە بەهۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی كۆرۆنا، ژمارەی بەشداربووان و چالاكییەكان و نوێنەرانی بۆ ڕێژەی دوو لەسەر سێ كەم كردووەتەوە و زۆربەی چالاكییەكان بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجام دەدرێن.

كۆنفرانسەكە تاوتوێی ژمارەیەك پرس دەكات، لەوانە: دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، دۆخی ئۆكرانیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخی ناوچەكانی زەریای هیندی و زەریای هێمن، پەیوەندییەكانی نێوان چین و خۆرئاوا، سیستمی ئاسایشی ئەورووپا، كۆرۆنا و ژینگە و هێرشە سایبرییەكان.

لە كۆنفرانسەكەدا ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، تیشكی خستە سەر قەیرانی ئۆكرانیا و جەختی كردەوە كە كشانەوەی هێزی ڕووسیا لەسەر سنوورەكانی ئەو وڵاتە ڕاست نییە.

بلینكن ڕایگەیاند كە دەیانەوێت ڕایەكی گشتی لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دروست بكەن كە ڕێگری لە داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕووسیاوە بكرێت.