گفتوگۆی پەرلەمانی عێراق بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار چ ئەنجامێكی لێ‌ كەوتەوە؟

19-02-2022 07:35

پەرەگراف

كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەیی بەرپرسانی بانكی ناوەندی بۆ قەسەكردن لەسەر دابەزاندنی بەهای دۆلار، بێ‌ ئەنجام بووە. بانكی ناوەندی سوورە لەسەر هێشتنەوەی بەهای دۆلار بە بەرزی و پەرلەمانیش لیژنەیەك بۆ ئەو پرسە پێك دەهێنێت. هەر لەسەر هەمان پرس وەزیری دارایی عێراق لە بڕیاری نەچوونە پەرلەمان پاشگەز بووەوە. هاوكات بەهای دۆلار بە ئاستێكی بەرچاو دابەزیوە.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بە ئامادەیی پارێزگاری بانكی ناوەندی و جێگرەكەی و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی بانكەكە، بۆ قسەكردن لەسەر بابەتی بەهای دۆلار كۆبووەوە. جەمال كۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی وت "پەرلەمان و بانكی ناوەندی نەگەیشتنە هیچ ڕێككەوتنێك و سەرۆكی بانكی ناوەندی سوور بوو لەسەر ئەوەی كە ناتوانن گۆڕانكاری لەم نرخەی ئێستای دۆلاردا بكەن".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "پەرلەمان بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەتمەندی لە كەسانی پسپۆِر داوە بۆ تاوتوێی وردی بابەتی بەهای دۆلار كە ڕەنگە ژمارەی ئەندامەكانی 20 كەس بێت". بەڵام بە بۆچوونی جەمال كۆچەر "هیچ شتێك ناگۆڕێت".

"ئەو پەرلەمانتارانەی داوای دابەزاندنی بەهای دۆلار دەكەن، لە فراكسیۆنە جیاوازەكانن و شارەزای پرسە ئابووری و داراییەكان نین، بەڵكوو خەڵكی پۆپۆلیستن و بە ئەقڵیەتی بانگشەی هەڵبژاردن دەیانەوێت سۆزی خەڵك ڕابكێشن"، جەمال كۆچەر بۆ پەرەگراف وای وت.

سەبارەت بە هەوڵەكانی موقتەدا سەدر بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار، ئەو پەرلەمانتارە كوردە وتی "تەنیا یارییەكە، چونكە ئەگەر بەهای دینار بۆ ئاستی پێشووی بگەڕێتەوە، سەدر خۆی دەكەوێتە كێشەوە كە ئێستا سەرقاڵی پێكهێنانی حكومەتە، چونكە تەنیا بۆ پڕكردنەوەی ئەو جیاوازییە لە دابەزاندنی بەهای دۆلاردا دروست دەبێت، حكومەتی داهاتوو 30 تریلیۆن دیناری پێویست دەبێت".

هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكات، لە بەرانبەر هەوڵەكانی كوتلەكەی سەدر، دەڵێت "ئەوەی لەبارەی دابەزاندنی بەهای دۆلارەوە دەوترێت، تەنیا بۆ فریودانی خەڵكە، تاكە ڕێگەی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار، لە دەستی ئەنجوومەنی وەزیراندایە".

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا كە بە سەرۆكایەتیی حاكم زاملی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لە ڕەوتی سەدر بەڕێوە چوو، زاملی هێرشی توندی كردە سەر وەزیری دارایی كە ئامادە نەبووە بۆ قسەكردن لەسەر بەهای دۆلار بچێتە پەرلەمان، لە كاتێكدا بە واژووی زیاتر لە 50 پەرلەمانتار داوای لێ‌ كراوە.

حاكم زاملی لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی سەرۆكی دەزگای داواكاری گشتیی كردووە، داوای كردووە "بەهۆی بوونی ژمارەیەك دۆسیە كە سەرپێچیی دارایی و یاساییان تێدایە"، سەفەركردن لە وەزیری دارایی قەدەغە بكرێت تا لەبەردەم پەرلەماندا ئامادە دەبێت.

هەر ئەمڕۆ لە كاتی قسەكانی حاكم زاملی، عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێكی ئاراستەی زاملی كرد و تێیدا ڕایگەیاندووە كە بەهۆی دۆخی ئێستاوە نەیتوانیوە لەو ماوە كورتەی كە دیاری كراوە، ئامادەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بێت.

عەلی عەلاوی داوای لە سەررۆكی پەرلەمانی عێراق كردووە كە بە ئامادەبوونی ئەو دانیشتنێكی تایبەت ئەنجام بدات و تێیدا وتارێك لەسەر ئابووری و بەهای دراو پێشكەش بكات. داوای كردووە هەر لەو كۆبوونەوەیەشدا دەنگدان لەسەر متمانەی بكرێت كە ئایا متمانەی لێ دەسەندرێتەوە یان لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت.

قسەكردن لەسەر بەهای دۆلار لە تویتێكی چەند ڕۆژی ڕابردووی موقتەدا سەدرەوە سەری هەڵدا كە داوای لە پەرلەمان كردبوو بە ئامادەیی پارێزگاری بانكی ناوەندی و وەزیری دارایی، گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بكات. سەدر لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دابەزاندنی بەهای دۆلاری داوە و ئێستا لە پەرلەمانەوە كاری بۆ دەكات.

هەر بەهۆی تویتەكەی سەدرەوە، ئەمڕۆ لە بازاڕەكانی دراو لە هەرێم و عێراق، بەهای 100 دۆلار تا 146 هەزار و 750 دینار دابەزی، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر بەهای دۆلار لە سەروو 148 هەزارەوە بوو، لە كاتی داخستنی بازاڕیشدا بەهای دۆلار لە سلێمانی 146 هەزار و 900 دینار بووە.