هۆكاری كەمی و گرانیی بەنزین چییە و چۆن چارەسەر دەبێت؟

20-02-2022 12:50

پەرەگراف

ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی بەنزین لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بە لای كەمەوە 50 دینار بەرز بووەتەوە، ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایەتیی شۆفێرانی لێ‌ كەوتووەتەوە، بە تایبەت شۆفێرانی تەكسی و پاس. سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان هۆكاری گرانبوونی بەنزین و چارەسەرەكەی دەخاتە ڕوو.

لە زۆرینەی بەنزینخانەكەی هەرێمی كوردستان نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بۆ 900 دینار، موحەسەن بۆ 1000 دینار و سوپەر بۆ 1075 دینار بەرز بووەتەوە.

هەروەها سەبارەت بە بەنزینی پاڵپشتیكراو لەلایەن حكومەتەوە كە بە نرخێكی كەمتر لە عێراقەوە هاوردە دەركرێت و بە 690 دینار دەدرێتەوە بە شۆفێران، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە كە بۆ "540 هەزار لیتر كەمكراوەتەوە" كە نیوەی بڕی پێشووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە دهۆك، هەولێر و سلێمانی شۆفێرانی پاس و تەكسی دەستیان بە گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دژی گرانبوونی بەنزین كردووە و داوا دەكەن حكومەت چارەسەرێك بۆ ئەو كێشە بەردەوامە بدۆزێتەوەز

ڕۆژی شەممە 19-2-2022، شۆفێرانی پاسەكانی ناوشاری سلێمانی گردبوونەوەیان ئەنجام دا و داوایان كرد حكومەت دوو ڕۆژ جارێك بڕێكی دیاریكراو بەنزینیان بۆ دابین بكات لە بەرانبەر نرخێكی گونجاودا، چونكە بەم شێوەیەی ئێستا ناتوانن درێژە بە كار بدەن.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە پەرەگرافی وت "هۆكاری گرانبوونی بەنزین ئەوەیە لەناوخۆدا بڕی پێویست بەنزین بەرهەم ناهێنرێت، چونكە حكومەت نەوت بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەكان دابین ناكات".

سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، وتیشی "تاكە چارەسەر ئەوەیە حكومەت، نەوت بە پاڵاوگە ناوخۆییەكان بدات تا بەنزینی زیاتر بۆ ناوخۆ بەرهەم بهێنن، بە پێچەوانەوە كێشە بەردەوام دەبێت".

بەپێی زانیارییەكانی عەلی حەمەساڵح، هەرێمی كوردستان ڕۆژانە شەش ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینی پێویستە، بەڵام لە ناوخۆی هەرێمدا تەنیا یەك ملیۆن بەرمیل بەنزین بەرهەم دەهێنرێت و ئەویش دادپەروەرانە دابەش ناكرێت.

لە هەرێمی كوردستان سێ‌ پاڵاوگەی گەورەی نەوت هەن، ئەوانیش پاڵاوگەكانی (بازیان، كەڵەك و لاناس). پاڵاوگەی بازیان كە كۆمپانیای قەیوان كاری تێدا دەكات، ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی 40 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام بۆ عێراق كار دەكات.

پاڵاوگەی بازیان كە كۆمپانیای كار بەرهەمهێنانی تێدا دەكات، توانای پاڵاوتنی ڕۆژانەی 175 هەزار بەرمیلە، بەڵام عەلی حەمەساڵح دەڵێت "تەنیا 25 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم دەپاڵێوێت، كە یەك ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و ئەویش بە قۆرغكاری دراوە بە دوو كۆمپانیای سەنئۆیڵ و كوردنەفت، كە بەنزینەكە دەدرێتە ئەوان و ئەوان بە بەنزینخانەكانی دەفرۆشنەوە".

ماوەی چەند ساڵێكە عەلی حەمەساڵح و ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەن بۆ چارەسەری كێشەی بەنزین، نەوت بداتە پاڵاوگە ناوخۆییەكان و ناچاریان بكات كار بۆ ناوخۆی هەرێم بكەن، بۆ ئەوەش پرۆژەیان داوەتە حكومەت، بەڵام هیچ وەڵامێكی جیددییان نەدراوەتەوە.