مەسرور بارزانی فەرمانی كرد بە ڕاگرتنی دیاركردنی ڕێژەی باج بە رێگەی مەزندە

21-02-2022 02:10

پەرەگراف

سەرۆكی حكومەتی هەرێم فەرمانی كرد بە ڕاگرتنی دیاركردنی ڕێژەی باج بۆ پیشەوەران بە رێگەی مەزندە و دەڵێت "حكومەت ناتوانێت باج زیاد بكات، بەڵكو ئەركی ڕێكخستنەوەی باجە".

نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردەوە و تێیدا دەڵێت "حكومەت وەك دەسەڵاتی جێبەجێكردن ناتوانێت باج زیاد بكات، بەڵكو ئەركی ئەم دەسەڵاتە تەنیا جێبەجێكردنی یاساكانە و ئەو ڕێكارانەی گیراونەتەبەریش ئامانج لێیان تەنھا ڕێكخستنەوەی باج و ڕێگریكردن بووە لە خۆدزینەوە لە دانی باج".

سەبارەت بە ناڕەزایەتیی پیشەوەرانیش لە زیادكردنی باج، نووسنگەی سەرۆكی حكومەت دەڵێت "گلەیی هەبووە ڕێژەی باجی پیشەوەران و خاوەن دووكان و پیشە بچووكەكان زیاد بووە؛ جەنابی سەرۆكی حكومەت خۆی بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتەكە كرد و دوای چەند كۆبوونەوەیەك، فەرمانی بە لایەنە پەیوەندارەكان كردووە كە دیاركردنی رێژەی باج بۆ پیشەوەران بە رێگەی مەزندە رابگیرێت".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە كە مەسرور بارزانی داوای كردووە "ڕەچاوی دۆخی ئابووری و ژیانی پیشەوەران بكرێت و نابێت باج ببێتە هۆی لاوازكردنی جووڵەی ناو بازاڕ".

"حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێگەی پسپۆڕانی بواری باج، خەریكی ڕێكخستنەوەی ڕێكارەكانی وەرگرتنی باجە بە شێوەیەك كە دیاریكردنی ڕێژە و كۆكردنەوەی باج بە شێوەیەكی گونجاو و دادپەروەرانە و شەفاف بێت، تاوەكو ئامادەبوونی ئەو سیستمەش نابێت بارگرانیی دارایی بۆ پیشەوەران دروست بێت"، نووسینگەی سەرۆكی حكومەت وا دەڵێت.

هاوكات ئاماژە بەوە كراوە كە "باجی كۆمپانیا گەورەكان و گەورەباجدەران ڕێكخراوەتەوە و ئەمەش كاریگەریی لەسەر زیادكردنی داهات هەبووە و ئەم داهاتەش بۆ خزمەتی هاووڵاتیان دەبێت".