كۆمەڵەی كرێنشینان: سێ‌ هێندەی كرێنشینان یەكەی نیشتەجێبوون دروست كراوە، بەڵام پرۆژەكان بۆ ئەوان نین

21-02-2022 03:52

پەرەگراف

سكرتێری كۆمەڵەی داكۆكیكار لە مافی كرێنشینان ڕایدەگەیەنێت "دۆسیەی جیابوونەوەی ژن و مێرد، گورچیلەفرۆشتن، خۆكوشتن، داوای پەیوەندیی سێكسی لە كرێچی بەهۆی نەدانی كرێوە" لە كۆمەڵەكەیان تۆمار كراوە. دەشڵێت "سێ‌ بەرانبەر ژمارەی كرێنشینان یەكەی نیشتەجێبوون دروست كراوە، بەڵام ئەو پرۆژانە بۆ كەسانی كەمدەرامەت نین، بۆ سەروو مامناوەند و دەوڵەمەندەكانن".

بەرهەم قەرەداغی، سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی داكۆكیكار لە مافی كرێنشینان، لە گفتوگۆیەكی تایبەتدا لەگەڵ پەرەگراف، دەڵێت "لە كۆی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون تەنیا 564 یەكە بۆ ئەو كەسانە دروست كراون كە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، ئەوەش لەسەدا سفر و پیۆینت 26ی پرۆژەكانە".

ناوبراو باس لەوەش دەكات كە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەتان تەواو ناكرێن، نموونەی "دوو پرۆژەی زڕگوێز و سیتەك كە 1500 یەكەی نیشتەجێبوونە، هەروەها 1840 یەكە لە ناوچەی كەڵەوانان" دەهێنێتەوە كە لە 2010ـەوە وەكوو بینا تەواو بوون و كەمێك كێشەی خزمەتگوزاریی ماوە، بەڵام 12 ساڵ هەوڵ دەدەن بۆ تەواوكردنی و بێ‌ ئەنجام بووە.

"لە 2019 بۆ ماوەی شەش مانگ هەر مانگێك 500 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەی سیتەك و 500 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەی زڕگوێز تەرخان كرا، دوای ئەوە وەربەرهێنەكە كە كۆمپانیای مەردۆخە، وتی بە تەلەفۆنێك پێیان وتووم پارەكە ڕاگیراوە".

بەرهەم قەرداغی باس لەوەش دەكات كە زیاتر لە سێ‌ ساڵە پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونی ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان كردووە "كە وەبەرهێنێك لە شاری سلێمانی هەیە دەیەوێت یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەسانی كەمدەرامەت دروست بكات بە هەموو خزمەتگوزارییەكەوە. بە تێچوویەكی زۆر كەم و قیستی مانگانەكەیشی پێشتر 100 دۆلار بوو، بە تەحەددا كردی بە 67 دۆلار، بەڵام زەویی پێ‌ نادرێت".

"پێشتریش پرۆژەم پێشكەش كردووە كە بەبێ‌ پێشەكی پێنج هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دروست دەكرا و بە مانگانەی تەنیا 200 دۆلار لە 2012، لە بەرانبەردا زۆر هەڕەشەمان لێ‌ كرا و بە تەلەفۆن پێیان وتم جارێكی تر لەو پرۆژانە دروست بكەیت ئاوا و ئاوات لێ‌ ئەكەین"، سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی داكۆكیكار لە مافی كرێنشینان، وا دەڵێت.

هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە "ملیۆنێك و 32 هەزار هاووڵاتیی عەرەب لە كوردستاندا دەژین، ئەمەش كێشەی كرێنشینیی بەردەوام و خراپتر كردووە".