١٦ ڕۆژە خۆڵ و خاشاك لە چەمچەماڵ كۆنەكراوەتەوە؛ تەندروستی هۆشداری دەربارەی مەترسییەكانی دەدات

21-02-2022 04:16

پەرەگراف

بەهۆی مانگرتنی ژینگەپارێزان، ماوەی ١٦ ڕۆژە خۆڵ و خاشاك لە قەزای چەمچەماڵ لەلایەن كۆمپانیاكانی پاككەرەوە كۆنەكراوەتەوە، تەندروستی چەمچەماڵیش هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مەترسیدارە گواستراوەكان بەهۆی كەڵەكەبوونی خۆڵ و خاشاكەوە.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، تا ئەمڕۆ دووشەممە 21-2-2022، كێشەی خەرجكردنی پارەی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە چارەسەر نەكراوە و مانگرتن لە ١٠ شارەوانیی سنووری چەمچەماڵ و هاوكات سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین و شارەزوور بەردەوامە.

ئارام نەجات، سەرۆكی شارەوانیی چەمچەماڵ، بۆ پەرەگراف وتی "بەهۆی ئەوەی ماوەی پێنج مانگە شایستە داراییەكانی كۆمپانیای شكار بۆ پاككردنەوە، خەرج نەكراوە، ماوەی ١٦ ڕۆژە كرێكارانی ئەو كۆمپانیایە مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و شار پاك ناكرێتەوە".

وتیشی "لەو ماوەیەدا ئێمە وەك شارەوانی، باخەوانەكانمان هێناوەتەوە و كاریان پێ دەكەین، توانیومانە بە ئامێرەكانی خۆمان ٦٠٠ تۆن خاشاك كۆبكەینەوە، بەڵام تواناكانی ئێمەش سنووردارە".

لە ئێستادا شەقامەكانی چەمچەماڵ پڕبوون لە خۆڵ و خاشاك، هەرچەندە شارەوانی بەشێكی پاك دەكاتەوە، بەڵام وەكوو پێویست نەتوانراوە كێشەكە چارەسەر بكرێت و مەترسیی تەندروستیی دروست كردووە.

دكتۆر فەرهاد محەمەد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ، بۆ پەرەگراف وتی "نووسراومان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو هەموو خۆڵ و خاشاكەی لە شەقامەكان كۆبووەتەوە، هۆشداریمان داوە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە بەكتری و ئەمیبیەكان".

بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ وتیشی "هەموو نەخۆشییەكان بەهۆی پیسییەوە بڵاو دەبنەوە، بەتایبەت گرانەتا، حەمەی ماڵتا، نەخۆشییە ئەمیبییەكان، سكچوون، ڕشانەوە، كۆلێرا، مەلاریا و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەدان، بۆیە پێویستە چارەسەرێكی ئەم گرفتە بكرێت".

قەزای چەمچەماڵ و ١٠ شارەوانی سنوری قەزاكە لەلایەن كۆمپانیای شكار پاكدەكرێتەوە، لە ئێستاشدا بەهۆی مانگرتنی كرێكارەكانی كاركردن لە سنورەكە ڕاگیراوە.