مەسرور بارزانی: مەترسیی كۆرۆنا زۆر بەجددی وەربگرن و لە ماڵەكانتان بمێننەوە

23-03-2020 05:40


پەرەگراف

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی ڤیدیۆیی لەبارەی كۆرۆنا بڵاوكردەوەو داوا لە هاووڵاتیان دەكات، مەترسیی ڤایرۆسەكە زۆر بەجددی وەربگرن‌و لە ماڵەكانیان بمێننەوە.

سەرۆكی حكومەت داوا دەكات، پابەندی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ بن، "بۆ ئەوەی ژیانی خۆتان و ئازیزانتان و هەموو خەڵكی كوردستان سەلامەت بێت".

تادێت ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان بەرزتر دەبنەوەو تەنها دوێنێ 22 حاڵەتی نوێ ڕاگەیەندراوە، 12 لە هەولێرو 10 لە سلێمانی، كە 7یان لە قەزای دەربەندیخان لە سلێمانی‌و 9یان لە شارۆچكەی سێبیرانی هەولێر بووە، بەوەش كۆی گشتیی تووشبووان گەیشتە 76 كەس لە ناویاندا كەسێك مردووەو 13یان چاكبوونەتەوە.

ئەمڕۆش وەزیری تەندروستیی هەرێم، بانگەوازێكی سێ خاڵیی ئاڕاستەی ھاوڵاتیانی قەزای دەربەندیخان لە سلێمانی و گوندی سێبیران لە ھەولێر كردو دەڵێت"پێویستە بە ھیچ شێوەیەك نەیەنە ناو شەقامەكان و بە تەواوی لە ماڵەكانتان بمێننەوە".

د.سامان بەرزنجی داواش دەكات، "كێ بەركەوتەی ئەو تووشبووە بەڕێزانە بووە لە ھەركوێن خۆیان بدەنە دەست تیمەكانی تەندروستی بۆ پشكنینی تاقیگە. تكایە ھاوكارمان بن بە پێدانی زانیاری با كوردستان لە كارەساتی بڵاوبوونەوە بپارێزین".