دانیشتنیكی دیكەی دادگا لەسەر سكاڵای چاودێری دارایی سلێمانی لە دژی شارەوانی دواخرا

21-02-2022 04:42

پەرەگراف

دانیشتنێكی دیكەی دادگا لەسەر دۆسیەی سكاڵای دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی لە دژی قادر حەمەجان عەزیز سەرۆكی پێشووتری شارەوانی سلێمانی دواخرا. زیاتر لە ١٦ ساڵە ئەم دۆسیەیە لە دادگایەو هێشتا بە ئەنجام نە گەیشتووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆسیەكە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، دوێنێ دانیشتنێكی دیكەی دادگا لەسەر دۆسیەكە بەڕێوەچوو، "دادوەر تاوتوێی ئەوراقەكانی دۆسیەكەی كردو بەهۆی دانانی کەسانی پسپۆڕ تا ڕایان وەربگیرێت، بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنەكە بۆ ١٣-٤-٢٠٢٢".

دۆسیەی سكاڵای دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی لەسەر قادر حەمەجان عەزیز، "پەیوەندی بە تۆمەتباركردنیەوە هەیە بە سەرپێچی و گەندەڵی و لادانی ئیداری‌و یاسایی كە لەسەردەمی ناوبراودا لە شارەوانی سلێمانی ئەنجام دراوە" سەرچاوەكە وای وت.

سكاڵاكەی دیوانی چاودێری دارایی لەسەر قادر حەمەجان ساڵی 2004 تۆماركراوە، كاتێك جەلالی سام ئاغا سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بووە.

لەسەردەمی سەرۆكایەتی جەلالی سام ئاغادا دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی و لادانی ئیداری‌و یاسایی ئامادە كردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، دیوانی چاودێری دارایی هەرلەو سەردەمەدا 86 كەسی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی‌و ئیداریی داوە بە دادگا كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.