پەرەگراف پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەدهەم بارزانی لەگەڵ عوسمانی حاجی مەحمود ئاشکرا دەکات

22-02-2022 06:22

پەرەگراف

ئەدهەم بارزانی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی، پەیوەندیی بە عوسمانی حاجی مەحمود و چەند نووسەرو کەسایەتییەکی بەرەی ناڕازیی لە سلێمانی دەکات و بارودۆخی کوردستان تاوتوێ دەکەن.

بە وتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف، ئەدهەم بارزانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ عوسمانی حاجی مەحمود كەسایەتیی دیاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەنجام داوەو باسی دۆخی کوردستان و ناڕەزاییەکانی خەڵکیان کردووە.

سەرچاوەیەک دەڵێت "ئەدهەم بارزانی لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ عوسمانی حاجی مەحمود ڕخنەی تووندی لە دەسەڵات و حکومڕانیی کوردی و پارتی دیموکراتی کوردستان گرتووە، خۆی وەک بەشێک لە بەرەی ناڕازیی پیشانداوە".

سەرچاوەیەکی دیکەش کە ئاگاداری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەدهەم بارزانییە، وتی "جگە لە عوسمانی حاجی مەحمود، ئەدهەم بارزانی تەلەفۆنی بۆ چەند نووسەرو کەسایەتییەکی ناڕازی و ڕەخنەگر لە سلێمانی کردووەو خاڵی سەرەکیی گفتوگۆکان ئەوەبووە، وەک بەشێک لە بەرەی ناڕازیی خۆی ناساندووەو لە هەندێکیاندا ئامادەیی پیشانداوە بۆ کاری پێکەوەیی".

ئەدهەم بارزانی ئامۆزای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، مانگی ٩ی ساڵی ڕابردوو دەستی لە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کێشایەوەو پێشتریش بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی بووە لە سلێمانی.

لە دوای دەستلەکار کێشانەوەی، ئەدهەم بارزانی لە ماڵەکەی خۆی لە پیرمام بەردەوام خەڵک دەبینێت و وەک کەسێکی ڕەخنەگرو ناڕازیی دەردەکەوێت، بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، ئەدهەم بارزانی بە ئاشکرا ڕەخنەی تووند لە سیاسەتی پارتی و حکومەتی هەرێم دەگرێت، ئەو ڕخنەو جموجوڵانەش بەشێک لە بەرپرسانی باڵای پارتی نیگەران کردووە.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەدهەم بارزانی لەگەڵ عوسمانی حاجی مەحمود، دوای ئەوە دێت ئاڕاستەی عوسمانی حاجی مەحمود کە زۆربەیان لە ناڕازییەکانی بزووتنەوەی گۆڕانن، لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆو ڕاوێژی ناوخۆییاندا، ویستیان بە کردنەوەی ماڵپەڕێکی ڕۆژنامەوانی یەکەم هەنگاوی پڕۆژەیەکی نوێی سیاسیی دەست پێ بکەن، بەڵام هێشتا پڕۆژە میدیاییەکەیان نەخراوەتە کار.