عەلی حەمەساڵح پەردە لەسەر "گەندەڵی"یەكی ڕێباز حەملان لادەدات

23-02-2022 12:08

پەرەگراف

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان، پەردە لەسەر "گەندەڵی"یەكی ڕێباز حەملان، وەزیری پێشووی دارایی لە بزووتنەوەكەی هەڵدەداتەوە كە "سەدان ملیۆن دینار"ی تێیدا دەستكەوتووە و دەڵێت "هیچ دۆسیەیەكی گەندەڵی هێندەی ئەم دۆسیە بۆ من ئازاربەخش نییە".

عەلی حەمەساڵح لە لایڤێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك، باسی لە كۆمپانیایەكی كوالێتی كۆنترۆڵ كرد بە ناوی (كۆمپانیای لۆگس ئەژانسی) كە لە ژمارەیەك دەروازەی سنووریی هەرێم كار دەكات.

ئەو پەرلەمانتارە وتی "بۆ نموونە لە مەرزی پەروێزخان كۆمپانیانی كوالێتی كۆنترۆڵ هەیە بە ناوی لۆگس ئەژانسی، كە خاوەنەكەی كوڕێكە نزیكە لە كۆمپانیای وشە و ئێستاش نزیكە لە گۆڕانەوە. مانگانە هاوكاریی كردوون و ئێستایش هاوكارییان دەكات".

بە قسەی عەلی حەمەساڵح "لەسەدا 45ی پشكی كوالێتی كۆنترۆڵی مەرزی پەروێزخان هی لۆگس ئەژانسییە، لەسەدا 55ی هی ئیدارەی گشتیی یەكێتییە".

"ئەوەی كە بۆ من تازەیە ئەوەیە، لە ساڵی 2018 واتە ساڵێك پاش ئەوەی ئەو كەسەی گۆڕان كە وەزیری دارایی بوو دووركەوتەوە و پاشان بوو بە پارتی، كۆمپانیای لۆگس بۆ ئەوەی مۆڵەتەكەی نوێ‌ بكەنەوە، لەسەدا 10ی سوودی ئەو پشكی لەسەدا 45ـەی خۆی كە هەیەتی، دەدات بەو كەسە (ڕێباز حەملان)"عەلی حەمەساڵح وا دەڵێت.

دەشڵێت "هەموو مانگێك بە ئێستایشەوە، كوڕێك بە ناوی دێرینەوە دەچێت ئەم پشكە وەردەگرێت. تەنیا مانگی 11ی ساڵی پار، 48 ملیۆن و 672 هەزار دینار بووە".

بەپێی قسەی عەلی حەمەساڵح، وەزیری دارایی پێشوو كە لە پشكی گۆڕان بووە، تەنیا پشكی لە كوالێتی كۆنترۆڵی مەرزی پەروێزخاندا نییە، بەڵكوو "لەو خاڵە سنوورییانەی دیكەش كە لای لۆگس ئەژانسییە، لەسەدا نۆی مەرزی پشتە، لەسەدا 25ی مەرزی كێلێ‌ لە كۆی پشكی كۆمپانیاكە بۆ ئەو كەسە دەچێت".

"لە ماوەی ڕابردوودا بەدواداچوونم بۆ زۆر دۆسیە كردووە، لە زەوییەوە بۆ نەوت و قاچاخچێتی، بەڵام هیچیان هێندەی ئەم دۆسیە بۆ من ئازاربەخشن نییە. پێم وایە ئێمە هۆكارێك بووین بۆ گەندەڵییەكی ڕێكخراو".

عەلی حەمەساڵح دەشڵێت "ئەم پشكپشكێنە و بەشە كە باسی دەكەم، ئەنجامی هەڵبژاردنی 2013یە كە من ئەوكات زیاتر لە 140 هەزار دەنگم هێنا، كە خەڵكی پێیان وابوو من ئەو دەنگانە وەكوو ئەمانەتێك بەكار دەهێنم بۆ دژایەتیی گەندەڵی، نەك ئەوەی كە خەڵكێك بێن دەنگ و متمانەی خەڵك بكەن بە بزنس و بەكار بهێنرێت بە ناڕەوا بۆ كۆكردنەوەی پارە. خەڵك دەنگی نەداوە بە ئێمە كە یەكێك بكەین بە وەزیر و لەسەر حیسابی دەنگی خەڵك سەدان ملیۆن دینار كۆبكاتەوە".