سەرۆكی هەرێم بە مەرسومێك 60%ی سزای پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینانی كەم كردەوە

23-02-2022 05:21


پەرەگراف

بە مەرسومێكی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەدا 60ی سزای پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە سزادراوەكەی بادینان كەمكرایەوە و پارێزەرەكەیان دەڵێت "تەنیا پێنج بۆ شەش مانگێك لە سزاكەیان ماوە و ئازاد دەكرێن".

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومێكی دەركردووە بۆ سووككردنی سزای سزادراوانی بادینان (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا و گوهدار زێباری) بە ڕێژەی 60%".

ئەو پارێزەرە وتیشی "بەوپێیە سزاكە بۆ كەمتر لە سێ‌ ساڵ كەم دەبێتەوە، بۆ هەر ساڵێكیش كە ماوە سێ مانگ ئازادكردنی بەمەرجیان هەیە، هەروەها ئەو سزادراوانە لە مانگی 10ی 2020ـەوە لە زینداندان، بەوپێیە تەنیا پێنج بۆ شەش مانگیان لە زینداندا ماوە".

بەشدار حەسەن نەیشاردەوە كە ئەوان وەكوو تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی دۆسیەی چالاكانی بادینان، چاوەڕێی ئەوەیان كردووە سەرۆكی هەرێم لێبوردنی تایبەت بۆ ئەو سزادراوانە دەربكات و ڕاستەوخۆ ئازاد بكرێن.

ئەو پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەی بادینان، ڕۆژی 16-2-2021 لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە بە "تاوانی تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی"، هەریەكەیان سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا.

دۆسیەی ئەو چالاكانە و سزادانیان لەلایەن پارێزەران و چەندین ڕێكخراوی بوای مافی مرۆڤ ڕەخنەی لێ‌ گیرا و بە "نادادپەروەرانە" ئەژمار كرا، بە تایبەت كە ئەو سزادراوانە لەبەردەم دادوەردا ڕایانگەیاندبوو "بەبێ‌ ئامادەبوونی پارێزەر، لەژێر ئەشكەنجە و هەڕەشەدا" وتەیان لێ‌ وەرگیراوە.