پەرەگراف
مەسرور بارزانی خەمباریی و نیگەرانیی دەردەبڕێت بۆ ڕووداوەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت: دووبارهی دهكهمهوه كه هیچ شهرەفێک له ژن كوشتندا نییه.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا باسلەوە دەکات، لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەسەر ڕووداوی دڵتهزێنی شنیار ھونەر گفتوگۆی كردووەو ستایشی كارمهندانی پۆلیسی کردووە بۆ "دەستگیرکردنی تاوانبار" و پشتگیری خۆی بۆ سزادانی تاوانباران دووپات کردووەتەوە.
"تەنیا لەم ساڵەدا، 9 ئافرەتی بێتاوان لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە کوژراون، ئەم تاوانانە دهبێت بوەستن و وەک خەڵکی کوردستان، نابێت قبوڵی بکەین، وەک حکومەتیش ئێمە ھاوکار و پاڵپشتی دادگا دەبین لە سەپاندنی توندترین سزا بۆ ئەم تاوانانە" مەسرور بارزانی وادەڵێت.
دەشڵێت "من سوورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه له مهترسیدان. دەزانم کە پێویستی بە کات و پابەندبوونێكی جدی هەیە، ھەربۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، پێویستی بە بهشداریی ههموومان هەیە وەک چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و بهرپرسان و کەسایەتییە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان، ھەروەھا پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە. ئێمە ھەموو ھەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ کۆتاییھێنان بەم تاوانانە".
شنیار هونەری تەمەن 21 ساڵ، ماوەی پێنج ساڵە هاوسەرگیریی كردووە و خاوەنی دوو منداڵ بوو. بەپێی قسەی خۆی و کەسوکاری وڕاگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی "شەوی 19 لەسەر 20ی ئەم مانگە هاوسەرەكەی نەوتی پێدا كردبوو و سووتاندبووی".
شنیار بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە بەیانیی ئەمڕۆ كۆچی دوایی كردو لە زێدی خۆی لە قەزای سەید سادق بە خاک سپێردرا.
مێردەکەی شنیار کە تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکەیە دەستگیر کراوەو فەرمانی گرتن بۆ تۆمەتبارێکی دیکەش دەرچووە.