ئافرەتێكی 20 ساڵ لە دهۆك تووشی كۆرۆنا بوو

23-03-2020 07:09

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند: ئافرەتێكی تەمەن 20 ساڵ لە شاری دهۆك وەك تووشبووی كۆرۆنا دەستنیشان كرا.


تادێت ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان بەرزتر دەبنەوەو تەنها دوێنێ 22 حاڵەتی نوێ ڕاگەیەندراوە، 12 لە هەولێرو 10 لە سلێمانی، كە 7یان لە قەزای دەربەندیخان لە سلێمانی‌و 9یان لە شارۆچكەی سێبیرانی هەولێر بووە، 

ئێستا كۆی گشتیی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم گەیشتە 77 كەس لە ناویاندا كەسێك مردووەو 22یان چاكبوونەتەوە كە سەرجەم چاكبووەوەكان لە سلێمانین‌و زۆرترین ڕێژەی تووشبوونیش هەرلەو شارەیە.

ئەمڕۆ هەریەكە لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی لە دوو پەیامی ڤیدیۆییدا تەئكیدیان كردەوە كە مەترسییەكان جددین‌و پێویستە خەڵك لە ماڵەكانیان بمێننەوە.

سەرۆكی حكومەت داواشی كرد، پابەندی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ بن، "بۆ ئەوەی ژیانی خۆتان و ئازیزانتان و هەموو خەڵكی كوردستان سەلامەت بێت".

هاوكات وەزیری تەندروستیی هەرێم، بانگەوازێكی سێ خاڵیی ئاڕاستەی ھاوڵاتیانی قەزای دەربەندیخان لە سلێمانی و گوندی سێبیران لە ھەولێر كردو وتی"پێویستە بە ھیچ شێوەیەك نەیەنە ناو شەقامەكان و بە تەواوی لە ماڵەكانتان بمێننەوە".

د.سامان بەرزنجی داواش دەكات، "كێ بەركەوتەی ئەو تووشبووە بەڕێزانە بووە لە ھەركوێن خۆیان بدەنە دەست تیمەكانی تەندروستی بۆ پشكنینی تاقیگە. تكایە ھاوكارمان بن بە پێدانی زانیاری با كوردستان لە كارەساتی بڵاوبوونەوە بپارێزین"