ئەمەریکاو ناتۆ هەڕەشە لە ڕووسیا دەکەن، بایدن دەڵێت: پوتن باجی ئەو شەڕە کارەساتبارە دەدات

24-02-2022 04:41

پەرەگراف

ئەمەریکاو ناتۆ هەڕەشەی تووند لە ڕوسیا دەکەن، دوای ئەوەی پوتن دەستپێکردنی جەنگی دژی ئۆکرانیا ڕاگەیاندو سەربازانی ڕووسیی چوونە خاکی ئەو وڵاتە.

بڕیارەکەی پوتن کاردانەوەی جیهانیی بەدواداهات، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: پوتن جەنگێکی کارەساتباری دەستپێکردووەو ئەمەریکاو هاوپەیمانانی وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دەبێت.

هاوکات سکرتێری هاوپەیمانیی ناتۆ ڕایگەیاند، ئاسایشی ئەوروپا لە مەترسیدایەو بە هەموو توانایان لە بەرامبەر ڕووسیا دەوەستن و سزای قورسی دەدەن.

هێرشەکەی ڕووسیا دەیان کوژراوی لێکەوتەوەو شەپۆلی ئاوارەبوونی خەڵکی ئۆکرانیای بەدواداهات بۆ وڵاتانی دراوسێی.

بڕیارەکەی پوتن بۆ دەستپێکردنی شەڕ، ترس و شڵەژانی خستە بازاڕەکانی جیهانەوە، نەوت بەرز بووەوەو بەهای دراوی ڕووسیاو ئۆکرانیا هاڕەیان کرد. 

دوای دەستپێکردنی شەڕ، نەوت بەرزبونەوەی بەخۆوە بینی و بۆ یەكەمجار لە ماوەی ٨  ساڵی ڕابردوودا بەرمیلێک گەیشتە سەرووی ١٠٥ دۆلار.

ڕوبلی ڕووسی 30% بەهاكەی لەدەستدا کە نزمترین دابەزینە لە مێژوویدا، بەهای دراوی ئۆكرانیاش لەسەدا ٢٠ هاتەخوارەوە کە نزمترین دابەزینە لەدوای قەیرانی دارایی ئەوروپاوە لە 2015دا.

لە ئەوروپاش نرخی گازی سروشتی بە ڕێژەی 41% بەرزبووەوە، بەوپێیەی ئەوروپا بۆ گاز، پشت بە ڕووسیا دەبەستێت.

هاوکات نرخی یەك تەن گەنم بە ڕێژەی 20% بەرزبوەتەوەو گەیشتوەتە 344 یۆرۆ، بەوپێیەی ئۆكرانیا لە پلەی پێنجەمی وڵاتانی جیهاندایە بۆ هەناردەكردنی گەنم.