سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بۆ پەرەگراف: بەرپرسی دەزگای زانیاریی نەگۆڕاوە

24-02-2022 07:29

پەرەگراف

بڕیاری گۆڕینی بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەکێتیی نەدراوەو گفتوگۆ ناوخۆییەکانی ئەو حیزبە بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک گۆڕانکاریی.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بۆ پەرەگراف، وتی "هێشتا هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ گۆڕانکاریی لە پۆستە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە ڕاست نییەو بەرپرسی دەزگای زانیاریی لە شوێنی خۆیەتی و دەزگاکە بەشێکە لە ئەنجومەنی ئاسایش و گۆڕینی بەرپرسەکەی پێویستی بە مەرسوومی سەرۆکی هەرێمە".

سەرچاوەکە وتیشی "لە چوارچێوەی زنجیرەیەک گۆڕانکاریی ناوخۆییدا پۆستە ئەمنییەکانیش گفتوگۆیان لەسەر کراوە، ئەمەش شتێکی نوێ نییە".

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ لە میدیاکان دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەژی ئەمین بەرپرسی دەزگای زانیاریی لابراوەو جەلال شێخ ناجی بەرپرسی هەواڵگریی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە خراوەتە شوێنەکەی.

لە دوای ٨ی تەمموز و تەقینەوەی ناکۆکییەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی کە لە دەزگای زانیارییەوە دەستی پێکرد، ئەژی ئەمین وەک کەسێکی نزیک لە بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی نوێی دەزگاکە دانرا.