ڕاوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی مەرجی دانوستان لەگەڵ پارتی لەسەر سەرۆككۆمار ئاشكرا دەكات

26-02-2022 03:59

پەرەگراف

ڕاوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاشكرای دەكات كە مەرجی حیزبەكەی بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی لەسەر پرسی سەرۆككۆماری عێراق، ڕازیبوونە بە تاكە كاندیدی یەكێتی كە بەرهەم ساڵحە.

ڕێزان شێخ دلێر، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لە گفتوگۆیەكی تایبەتدا لەگەڵ پەرەگراف ڕایگەیاند "پارتی بەبێ‌ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی، ڕێككەوتنی لەگەڵ هاوپەیمانیی سیادە و سەدرییەكان كردووە، یەكێتیش بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە لەگەڵ ئەو ڕەوتەی پارتیدا بێت، بەڵام هەتا ئێستایش دەرگای كراوەیە بۆ ئەوەی پارتی جارێكی دیكە بێتەوە دانوستان بكات، بەس ڕازی ببێت بە كاندیدەكەی یەكێتی كە د. بەرهەمە".

ڕێزان شێخ دلێر جەخت دەكاتەوە كە كاندیدی بەدیلیان نییە و "تاكە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بەرهەم ساڵحە". دەشڵێت "د. بەرهەم بە دەنگدان لەناو ئەنجوومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش هەڵبژێردراوە".

ڕێزان شێخ دلێر نەیشاردەوە كە ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار لە ئاستێكدان كە پێشبینی دەكات پرسی سەرۆككۆمار وەكوو ساڵی 2018 لەناو پەرلەمانی عێراق یەكلا بكرێتەوە و دەشڵێت "كاندیدەكەمان دەنگی باشی هەیە".

ڕاوێژكارەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆككۆمار دەبێت "باگراوندێكی سیاسی باشی هەبێت، لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە پێگە و پەیوەندیی باشی هەبێت".

هەروەها بەبێ‌ ناوهێنان ڕەخنەی لە سەردەمی سەرۆككۆماریی فوئاد مەعسووم گرت و وتی "كاتێك كە هەڤاڵ مام جەلال سەرۆككۆمار بوو، ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام دوای ئەوە بینیمان بۆ چوار ساڵێك بەو شێوەیە نەما".