سێیەم ڕۆژی شەڕ لە ئۆكرانیا؛ پایتەخت بووەتە ناوەندی پێكدادان و هەموان دژی ڕووسیا دەجەنگن

26-02-2022 07:26

پەرەگراف

هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا لە ڕۆژهەڵات، باكوور و باشووری ئەو وڵاتەوە لە سێیەم ڕۆژدا بەردەوامە. شەڕ گەیشتووەتە شاری كیێڤی پایتەخت. سوپا و هاووڵاتیانی ئۆكرانیا هەموو ڕێگایەك بۆ بەرگرتن بە داگیركاریی ڕووسیا دەگرنە بەر. ٢٨ وڵات ئامادەن چەك بۆ ئۆكرانیا بنێرن و سەرۆكی فەڕەنساش دەڵێت: پێویستە جیهان خۆی بۆ جەنگێكی ماوەدرێژ ئامادە بكات.

ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا لەناو ئەو وڵاتانەدان كە چەك و پێداویستیی سەربازی بۆ ئۆكرانیا دەنێرن. ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا، دوای قسەكردنی لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا بە تەلەفۆن، ڕایگەیاند "چەك و پێدوایستیی سەربازیی بەڕێوەن بۆ ئۆكرانیا".

ڕووسیا لە دوورگەی كریماوە بەرەو شاری خێرسوون، لەناو خاكی خۆیشیەوە بەرەو شارەكانی خاركیف و ماریۆپول و ناوچەكانی لوهانسك دۆنێتسك، هەروەها لەناو خاكی بیلاڕووسیاوە بەرەو كیێفی پایتەختی ئۆكرانیا لە پێشڕەویدایە. بەرپرسێكی باڵا وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێت "هێزەكانی ڕووسیا كە لە شاری ماریۆپول دابەزیون، بە ئاراستەی باكووری ڕۆژهەڵات لە پێشڕەویدان".

ڕووسیا هێرشەكانی بۆ سەر كیێڤی پایتەخت چڕ كردووەتەوە و دەیەوێت كۆنترۆڵی بكات، بەڵام هێزەكانی ئۆكرانیا كە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچە جیاوازەكانی شارەكە جێگیر كراون، بە پاڵپشتیی هاووڵاتیانی مەدەنیی چەكداركراو بەرگرییەكی توند دەكەن.

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ڕایگەیاندووە "هێزەكانی ڕووسیا ٣٠ كیلۆمەتر لە كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیاوە دوورن و نەیانتوانیوە پێشڕەویی زیاتر بكەن". ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن دەشڵێت "هێزەكانی ڕووسیا لە شاری خاركیڤ و باكووری كیێڤ ڕووبەڕووی بەرگریی توندی ئۆكرانییەكان بوونەتەوە".

تا دێت ژمارەی قوربانی و ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی ئۆكرانیایش لە هەڵكشاندایە. وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند "لە ئەنجامی داگیركاریی سێ ڕۆژی ڕابردووی ڕووسیا، ١٩٨ هاووڵاتیی مەدەنی كوژراون كە منداڵیان لەناودایە، زیاتر لە هەزار هاووڵاتیش بریندار بوون كە ٣٣یان منداڵن". هەروەها پۆڵەندا دەڵێت "ژمارەی ئاوارە ئۆكرانییەكان كە ڕوویان لە پۆڵەندا كردووە، گەیشتووەتە ١٠٠ هەزار كەس".

لە بەرانبەردا جێگری سەرۆكوەزیرانی ئۆكرانیا باس لە كوژرانی "هەزاران" سەربازی ڕووسیا دەكات و ئەمڕۆ داوای لە خاچی سووری نێودەوڵەتی كرد كە تەرمەكانیان كۆبكاتەوە و بیانگەڕێنێتەوە ڕووسیا. پێشتریش سوپای ئۆكرانیا ڕایگەیاندبوو كە "سێ‌ هەزار و ٥٠٠ سەربازی ڕووسیا كوژراون".

هەرچەندە ئەمریكا پێشنیازی جێهێشتنی وڵاتەكەی بۆ سەرۆكی ئۆكرانیا كردووە، بەڵام ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا، ڕەتی كردەوە و لە گرتەیەكی ڤیدیۆییشدا وتی "من لە پایتەختم و بەردەوامین لە بەرگری".

لای خۆیشیەوە كۆشكی سەرۆكایەتیی كۆماری ڕووسیا ڕایگەیاند، دوێنێ ڤلادیمێر پوتن بڕیاری ڕاگرتنی هێرشی بۆ سەر ئۆكرانیا دەر كردووە، بەڵام كاتێك زانیویەتی ئۆكرانیا جیددی نییە لە دانوستان، داوای بەردەوامیی هێرشی كردووە و بەوەش كیێڤ هەلی ئاگربەستی لەدەست داوە، بەڵام ئۆكرانیا دەڵێت كە ڕووسیا مەرجی ناكرداریی هەبووە و ئەوان ئامادەن بۆ دانوستان.

دوای چڕبوونەوەی هێرشەكان بۆ سەر كیێڤی پایتەخت، سەرۆكی شارەوانی قەدەغەی هاتوچۆی لە پێنجی ئێوارە بۆ 8ی بەبەیانی ڕاگەیاندووە. چاوەڕوان دەكرێت ئەمشەو ڕووسیا هێرشی زیاتر بۆ كۆنترۆڵكردنی كیێڤ ئەنجام بدات و شەڕی سەخت لەو شارە بەڕێوە بچێت.