مەسرور بارزانی بڕیاریدا بە دابینکردنی بودجە و پێداویستییەکانی هەڵبژاردن

27-02-2022 11:50

پەرەگراف

نووسینگەی سەرۆکی حکومەت بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی بە فەرمانێک بڕیاریدا بە ڕاسپاردانی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ هەماهەنگیکردن لە گەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، بە مەبەستی دابینکردنی بودجە و سەرجەم پێداویستییەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت.

ئەو فەرمانە دوای ئەوەدێت، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن.

دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە کاتێکدایە، هێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە.

بەشێک لە لایەنەکان لەوانە یەکێتی و نەوەی نوێ و گۆڕان، داوای هەمواری یاساو چەند گۆڕانکارییەک دەکەن، بەڵام پارتی لەگەڵئەوەدایە بە هەمان یاساو میکانیزمی پێشوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، دەبێت شەش مانگ بەر لەوە كۆمیسیۆن بۆ ئامادەكاریی هەڵبژاردن ڕابسپێردرێت، بەڵام کۆمسیۆنی هەریم وادەکەی بەسەرچووەو هێشتا کارا نەکراوەتەوە.