سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان دەستی لەكار كێشایەوە

27-02-2022 01:19

پەرەگراف

كازم فارووق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، لە بەرانبەر بەردەوامیی ڕێگركرن لە چوونە ژوورەوەی بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان، دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد، هاوكات داواكاریی بۆ گەڕانەوە سەر پیشەكەی پێشووی كە پزیشكییە، ئاراستەی وەزیری تەندروستی كرد.

كازم فاروق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی كوردستان، وتی "نە باسی پرۆژەی بازرگانیی خۆمم كردووە، نە كۆمپانیا و بیرە نەوت و قاچاخچێتیی سنوورەكانم هەیە، لەبەر ئەوە ڕێگرییان لێ‌ كردووم كە باسی كێشەی خەڵك، قاچاخچێتی لە خاڵە سنوورییەكان، دزینی نەوت و مووچەمان لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە كردووە".

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ جەختی كردەوە كە "یەك دینار" خانەنشینی وەرناگرێت. وتیشی "ئەگەر ئەو 73 پەرلەمانتارەی پارتی و یەكێتی كە دەنگیان داوە بە ڕێگریكردن لە سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ كە بچێتەوە پەرلەمان، ئەگەر ڕاست دەكەن بۆ مافی خەڵك لە ژوورەوەن و خەمی گیرفانی خۆیانیان نییە، با بێن وەكوو من فۆڕمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینی پڕ بكەنەوە".

پاش ئەوەی لە دانیشتنێكی پەرلەماندا، كازم فارووق پێڵاوەكانی وەكوو نیشانەی ناڕەزایەتی فڕێدایە بەردەم سەرۆكایەتیی پەرلەمان، سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیارێكی بە دەنگی 73 پەرلەمانتار دەركرد، تێیدا داوا كراوە كە سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ داوای لێبوردن لەو هەڵسوكەوتەی بكات، بە پێچەوانەوە ڕێگری دەكرێت لە بەشداریكردنی لە دانیشتنەكانی پەرلەمان.

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی لە داواكارییەكدا بۆ دەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، نووسیویەتی "بە هۆكاری ئەوەی لە 31-3-2021 بە بڕیارێكی ناپەیڕەوی و نایاسایی، سەرۆكایەتیی پەرلەمان كوردستان بە شێوازێكی نادیموكراتییانە ڕێگری دەكەن لە بەشداریكردنم لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و كۆبوونەوەی لیژنەكان".