تەقە لە بارەگای ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کرا لە سلێمانی

27-02-2022 08:52

پەرەگراف

تەقە لە بارەگای ئەنجومەنی باڵای سیاسی کۆمەڵی دادگەریی کرا لە سلێمانی، تەقەکەرەکان دەستگیر کراون و ڕادەستی ئاسایش کراون.‎

فاروق عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی کۆمەڵی دادگەری بە پەرەگرافی وت "تەقەکەرەکان دوو کەس بوون و لەلایەن پاسەوانەکانی بارەگاکەوە دەستگیر کراون، بەھۆی تەقەکانەوە ھێزی ئاسایش ھاتووەو ڕادەستی ئەوان کراون".

ئەو بەرپرسەی کۆمەڵ وتیشی "تەقەکەرەکان یەکێکیان بە دەمانچە تەقەی کردووەو ھێشتا ڕوون نییە کەسی دووەمیش تەقەی کردووە یان نا، سەرقاڵی پشکنین و سەیرکردنەوەی کامێرای چاودێریین".

لەبارەی زیانەکان و ناسنامەی تەقەکەرەکان، فاروق عەلی وتی "ھێشتا نازانین فیشەک بەر بارەگاکە کەوتووە یان نا، تەقەکەرەکان ناسراونین بۆ کۆمەڵ، ئێمە حزبیکی سیاسین و خەباتی مەدەنی دەکەین، ھۆکاری تەقەکان ھێشتا نازانین و ھێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەی لێ دەکەن".

ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی دەکەوێتە گەڕەکی کازیوە لە سلێمانی، لە تەنیشت کەناڵی ئاسمانیی پەیام و چەند دەزگایەکی دیکەی کۆمەڵە.