بۆ جاری دووەم دادگاییكردنی بێریڤان ئەیوب دواخرا؛ دۆسیەكەی زیاتر لە 100 لاپەڕەیە

28-02-2022 02:10

پەرەگراف

بۆ جاری دووەم دادگاییكردنی بێریڤان ئەیوب، چالاكی مەدەنیی بادینان، لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە دواخرا، ئەمە لە كاتێكدایە نزیكەی 17 مانگە ئەو ژنە چالاكە لە زینداندایە و بارودۆخی تەندروستیی خراپە.

ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەر لە دەستەی پارێزەرانی خۆبەخشی دەستگیركراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەبەر ئەوەی 10 دۆسیەی دیكە لە دادگا هەبوون، دادگا پێڕانەگەیشت ئەو دۆسیەش بەڕێوە ببات".

ئەو پارێزەر وتیشی "ئێمە چەندین جارە داوا دەكەین كە وەكوو پارێزەرانی، بێریڤان ئەیوب ببینین، بەڵام بەداخەوە ڕێگە نادەن".

سەبارەت بە دۆسیەكەشی، ڕەمەزان ئەرتیسی وتی "داوامان كرد دۆسیەكەی بێریڤان ببینین، بەڵام بەداخەوە تەنیا 10 خولەك مۆڵەتیان دا بە ئێمە بۆ خوێندنەوەی دۆسیەكە كە زیاتر لە 100 لاپەڕەیە".

بەپێی قسەی پارێزەرانی دۆسیەكە، یەك شاهێد و یەك هەواڵدەری نهێنی لە دۆسیەی بێرڤان ئەیوبدا هەن، كە هەواڵدەرەكە ئەمڕۆ ئامادە نەبووە و شاهێدەكەش وتوویەتی "من بە هیچ شێوەیەك بێریڤان ناناسم".

بێریڤان ئەیوب و چەند كەسێكی تر، تۆمەتبار كراون بەوەی كە گرووپێكیان هەبووە و پەیوەندییان بە ڕێكخراوێكی دەرەكییەوە هەبووە بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لەناو دۆسیەكەشیدا قسەی ناو گرووپچاتێك هەیە كە پارێزەرانی دۆسەكە لەبەر كەمیی كات فریا نەكەوتوون وردەكاریی قسەكان بخوێننەوە.

بەشدار حەسەن، یەكێك لە پارێزەرانی دۆسیەكە، بە پەرەگرافی وت "لە سەرەتای ئەم دۆسیەوە تا ئێستا پێشێلكاریی تێدا بووە تا ئێستا، لە قۆناغەكانی بەر لە دادگاییكردن ڕێگەیان نەداوە بێریڤان ببینین".