مەرسومەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ كەمكردنەوەی سزای شێروان شێروانی دەستكاری كراوە

28-02-2022 07:41

پەرەگراف

دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە مەرسومێك سزای سەر ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینانی بە ڕێژەی ٦٠% كەم كردەوە، پارێزەرەكەی دەڵێت، دەستكاریی كەمكردنەوەی سزاكەی شێروان شێروانی كراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 28ـی شوبات، بەشدار حەسەن، پارێزەری تیمی بەرگری لە ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینان، بە پەرەگرافـی ڕاگەیاند، كەمكردنەوەی سزاكەی سەر شێروان شێروانیی ڕۆژنامەنووس لە 60%ـەوە كراوە بە 50%.

لە 23ـی ئەم مانگە، بەشدار حەسەن و ژمارەیەك پارێزەری تر سەردانی هەریەكە لە سزادراوانی بادینان شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا و گۆهدار زێبارییان لە گرتووخانەی چاكسازیی گەوران لە هەولێر كرد، بە مەبەستی پێڕاگەیاندنی مەرسومی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەمكردنەوەی سزاكەیان بە ڕێژەی 60%.

دواتر بەشدار حەسەن بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، بەگوێرەی مەرسومەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێت، ئەوا پێنج بۆ شەش مانگی تر هەر پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوان ئازاد دەكرێن.

شێروان شێروانی و هاوڕێیانی لە مانگی ئەیلول و تشرینی یەكەمی ساڵی 2020، لەلایەن ئاسایشی پارتی لە هەڵمەتێكی بەرفراواندا دژ بە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان كە ژمارەیان بە نزیكەی 200 كەس مەزندە دەكرا، دەستگیر كران، بەمەش تا ئێستا ١٧ مانگە لە زیندانن.

پارێزەری ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینان دەڵێت؛ بەپێی بڕیارەكەی دادگا بێت ئەوا ساڵ بۆ سزادراوان بە نۆ مانگ هەژمار دەكرێت، بەمەش سزای شەش ساڵەكە دەكاتە ٥٤ مانگ، ئەگەر ئەو ژمارەیەش جارانی ٦٠% بكرێت، ئەوا دەكاتە ٣٢ مانگ و لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە و تەنیا ٢٢ مانگ لە زیندان دەمێننەوە.

بەشدار حەسەن وتی "ئەوان ١٧ مانگە لە زیندانن، بۆیە پێنج مانگی تر دەبێت ئازاد بكرێن، بەڵام ئەوەی شێروان شێروانی كە دەستكاری كراوە، ٥٤ مانگەكە دەبێتە ٢٧ مانگ، بەمەش ئەو پێنج مانگ دوای هاوڕێكانی ئازاد دەكرێت".

لە رۆژانی 15 و 16ـی شوباتی پارساڵ، پڕۆسەی دادگایی هەریەكە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا و گۆهدار زێباری، ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینان بەڕێوە چوو.

ئەوان لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی مادەی یەك لە یاسای ژمارە (21)ـی ساڵی 2003 دەستگیر كرابوون.

دادگا لە ڕۆژی دووەمی دادگاییەكەدا بڕیاری شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر هەر پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكەكەدا سەپاند، دوای دوو جار تەمیزكردنەوەی بڕیارەكەی دادگا، بەڵام دادگای باڵای پێداچوونەوە بڕیارەكەی دادگای تاوانی دووی هەولێری وەك خۆی پەسەند كرد.

بەشدار حەسەن ڕوونی كردەوە، بەو پێیەی هەر پێنجیان زیاتر لە ساڵێك و چوار مانگ پێش بڕیارەكەی دادگا گیراون، هەروەها بەپێی بڕیارەكەی دادگاش، ئەوا نۆ مانگ بۆ ئەوان بە ساڵێك هەژمار دەكرێت، ئەوا پێنج بۆ شەش مانگی تر ئازاد دەكرێن.

"ئەمڕۆ چوومە سەر پەڕاوەكەی شێروان شێروانی، دیارە بەهۆی ئەو پەیامەی لە گرتووخانەی بۆ ڕایگشتی لەبارەی مەرسومەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، دەستكاریی ڕێژەكەی شێروان شێروانی كراوە، ئێستا تەنیا هی ئەو كراوە بە 50% و ئەوانی تریش وەك خۆی ماوەتەوە كە 60%ـی سزاكەیان كەم دەكرێتەوە"، بەشدار حەسەن وای وت.