دوو پەرلەمانتار لەسەر "ساختەكردنی دەرمانی شێرپەنجە" سكاڵا دژی كۆمپانیایەك دەجووڵێنن

01-03-2022 01:31

پەرەگراف

دوو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە بەڵگەوە داواكارییەكیان ئاراستەی داواكاری گشتی كرد بۆ جووڵاندنی سكاڵایەك لە دژی كۆمپانیایەكی بواری دەرمان . ئەوان دەڵێن "كۆمپانیاكە ماوەی حەوت ساڵە دەرمانی ساختەكراوی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە دابین دەكات".

هەریەك لە عەلی حەمەساڵح و ئەبووبەكر هەڵەدنی، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، لە داواكاریی جووڵاندنی سكاڵاكەدا دەڵێن "ماوەی حەوت ساڵە، كۆمپانیای(دلێر فارما) كە كۆمپانیایەكی خوماڵییە، دەرمانی ساختەكراوی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە دابین دەكات".

ئەو پەرلەمانتارانە ئەوەیان خستووە ڕوو كە "ئەم كۆمپانیایە دەرمانی كۆمپانیا جیهانییەكانی ساختە كردووە و هەموو بەڵگەنامەكانی ئەو كۆمپانیانەی ساختە كردووە، یەكێك لەو كۆمپانیایانە (Novartis)ی سویسرییە، كە بە نووسراوی فەرمی دەڵێت: هەموو بەڵگەنامەكانی لەلایەن ئەم كۆمپانیایەوە ساختە كراوە".

هەروەها ئاماژەیان بەوە كردووە كە بە بڕیاری حكومەتی هەرێم، كاتێك كۆمپانیایەك دەرمانی نەخۆشیی شێرپەنجە دەهێنێت، داوای ناسنامەی دەرمان(COA) لێ دەكرێت، بۆ ئەوەی بزاندرێت ئەو دەرمانە سەلامەت و باوەڕپێكراوە و چارەسەرە، بەڵام "ئەم كۆمپانیا دەرمانی ساختەی هێناوە و بەڵگەنامەی كۆمپانیا جیهانییەكانی هێناوە و دوای حەوت ساڵ لەم كارە، پێی وتراوە ئەمە ساختەیە".

"هەرچەندە لە 3/12/2020ـەوە كوالێتی كۆنتڕۆ داوای لێكۆڵینەوەی لە كاروباری ئەم كۆمپانیا كردووە، بەڵام تا ئێستا ئەم سزا نەدراوە"، عەلی حەمەساڵح و ئەبووبەكر هەڵەدنی.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی كە پەرلەمانتارەكان ئاراستەی داواكاری گشتییان كردووە، وەزیری تەندروستی لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی كردووە بۆ وردبینی و بەدواداچوونی بەڵگەكانی كۆمپانیای دلێر فەرما.

دواتر لیژنەكە لە ئەنجامی بەدواداچوونەكەیدا دەڵێت "دەركەوت بڕوانامەی شیكردنەوەی دەرمانەكان ڕەسەن نین".

بەڵام هاوكات لیژنەكە دەڵێت "دەرمانەكان لە ڕووی فیزیكییەوە هیچ كێشەیەكی نییە".

دەقی داواكاریی جووڵاندنی سكاڵانامەكە و بەڵگەكان كە لەلایەن پەرلەمانتارەكانەوە ئاراستەی داواكاری گشتی كراوە